هەیڤەکانی ئەوین/شینوار ئیبراهیم
————————–
وەرگێڕان لوقمان مەنسوور
————————-
لە پێناوی تۆ
ئەی خاتوونی تەختی شاهی
ئەی سەمفۆنیای ئەشقی جاویدانە
سەفەر ئەکەم
بۆ ناوجەرگەی گەردوون
لەناو پەڕاوەکانی مێژوو ئەگەڕێم
بۆ لاپەڕەکانی ڕۆما
لە ئامێزی شەو دائەنیشم
گۆرانی ئەجڕم
خاکی (گرێ مۆزا)* شاری ئەوین ماچ ئەکەم
مەملەکەتی ئۆرکیش
دەروازەکانی بابل پێشوازیم لێ ئەکەن
ئەمبەن بۆلای
یادگاریەکانی مەم و زین*
لە میرنشینەکانی ئەوین
لەنێو دار و بەردی ئەو شارستانیانەی
هێشتا نەدۆزراونەتەوە
بەدوای ئەلف و بێی نوێ ئەگەڕێم
نامەکەمی پێ ئەنووسم
لە دڵێکی پڕ لە پەرۆشی ڕووناکی
جگە لە ئەوینداران کەس لێی تێناگات
دڵم بە سەما ئەلەرزێ
نیگاکانم
جوانی ئەو تابلۆیانە تێریان ناکا
کە خەندەی ئەوینمان لەنێو دوو لێو کە مەی لێ ئەتکێ
بە بێئاگا ئەکێشێ
دوو چاون کە بەرەو
خەوێکی فیردەوسی ئەفڕن
………………………
خانمەکەم
لێم گەڕێ با دەسبازی لەگەڵ شەودا بکەم
لە نێوان بسکەکانی ئەوین
لە مێرگەکانی ویساڵ
لەسەر سەرینەکەم
شادی ئەستێرە
لە سەمای ئەفسوون
لەسەر ئاوازی گەردوون
تۆمار بکەم
لەگەڵ شنەی گوڵێك سەفەر بکەم
کە بۆ جەستەی لەرزۆکت ئارەق ئەژەنێ
بە ونبوویی مەست بم
بە چێژبەخشەکانی
کە وەك ئاوریشمی هیندستانە و
با بە هێمنی لە ئەفسانەکانی ئەوین
ئەیشەکێنێ
تاسەم بشکێ
ترپەکانی دڵت لە ئامێز بگرم
کە هاوار ئەکەن
ئەگەڕێن
بەشوێن بەرامەی ئەوین
لەسەر لێوی زەمەن
………………………
*گرێ مۆزا:ئەکەوێتە خۆرهەڵاتی عامودا/سووریا
ئۆرکیش:مەملەکەتی پەریەکان (شاری ئەوین)
*داستانی (مەم و زین): لە شاکارەکانی ئەدەبی کوردی/ئەحمەدی خانی – سەدەی حەڤدەهەم ، چیرۆکێکی خۆشەویستیە لەسەر ئەرز ڕوا و لە ئاسمان گیرسایەوە
……………………….