( كۆت )
له‌تیله‌ی هه‌وادا گوڵ ماچكه
بزانه به‌رامه‌ی چیاكان
له‌كوێوه هه‌ڵده‌كه‌ن
له‌زامی كانییا
ڕه‌نگی سوور بناسه
تێده‌گه‌ی چۆن لوتكه
ده‌خزێته سه‌ر چرۆی هه‌ڵدێرا
شیعرێكی قه‌ترانی جوان بمژه
بۆئه‌وه‌ی وشه‌كان هه‌ڵپه‌ڕن
له‌مه‌رگی ناواده‌ی لاپه‌ڕه‌و دێڕا
نه‌كه‌ی خۆت
له‌قه‌ره‌ی ئاوازی عه‌شق بده‌ی
خوێن زاری ماچ و
ڕق به‌سته‌ی
ڕامووسان نازانێ
ژاكان له‌شه‌ڕا گوڵ دهكاو
خاك به جه‌نگ كوێر ده‌بێ
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی
پێناسه‌ی ویژدان باش بكه‌ی
سنگی شوێنه‌واره‌كان بخوێنه‌وه
هه‌تا ئه‌م كورده بناسی
بهسهحرادا بگه‌ڕێ
كه‌لله سه‌ر
له‌سنگی زه‌میندا كۆكه‌ره‌وه
بڕۆ ئه‌نادۆڵ
به‌ده‌نگی به‌رز گۆرانیه‌ك بڵێ
ئینجا نه‌غمه‌ی تفه‌نگ و
زیڕه‌ی گولله
له‌جه‌رگی خۆتا ده‌بینی
به‌ده‌نگه‌كان شاره‌زا ده‌بیت
ده‌زانی هاوار هه‌یه
به‌گه‌رووی تۆ بڤه‌یه
ده‌ست هه‌یه ده‌می تۆ داده‌خا
بانگ هه‌یه
بۆ مه‌رگ و كوشتنی تۆ ده‌درێ
كه‌ی بینیت
په‌نجه‌ره سه‌ری با ده‌شكێنێ
دار بۆ باران ڕووت ده‌بێته‌وه
له‌كه‌ناری خۆتا
له‌ژێر سێبه‌ری باڵاتا
له‌بوونی مرۆ ورد به‌ره‌وه
گیانت له‌تابلۆی نیشتمان ماره كه
گڵ بكه به‌سامان
دیڵانی ئازادی پێبكڕه
مه‌لێكی تینوو تێراو كه
له‌فڕین بگهو
لهكۆتی ده‌روونت هه‌ڵفڕه
ستار احمد