د. آزاد عثمان
ئەم کێشەیەی “دانانی بازگەی پشکنین لە زینوێی وەرتێ”!روونترین بەلگەیە، بۆ بەردەوامی دووبەرەکیی و دوو ئیدارەیی لە دوو زۆن «واتە بوونی دوو ھەرێمۆکەی نیوەچل لە دوو چوارچێوەی جوگرافی خاوەن سنوور و بازگەی پشکنینی جیاواز»! تاکەی وابێت؟ و ئەگەر ھەر وابێت ھەرێم بەرەو ھەلدێر ناڕوات؟؟؟
ئەگەر ھەرێم بە کردەیی یەک حکومەتی فەرمی و ھاوبەشی ھەبوایە، دەسەلات و سەروەریی بەسەر ھەموو ناوچەکان و سنوورەکانی ھەرێم دەبوو (کە پێویستە وابێت)، ئاواش حکومەتەکەی دەیتوانی بازگەی پشکنین لە ھەر جێگەیەکی پێویست بکات دابنێت و بەیەک چاو مامەلە و رەفتار لەگەل ھەموو ھاولاتیان بکات!
ئەم کێشە سەیروسەمەرەی وەرتێ دەیسەلمێنێت کە نە حکومەتی ھەرێم یەکگرتوو و ھاوبەشە، و نە خاکی ھەرێم یەکگرتوو و سنووری ھاوبەشی ھەیە!
جا تو خودا کاک سعدی پیرە و برایانی کەنالی ڕووداو چۆن گەلی کورد لە کوردستانی باشوور بەم شێوەیە دەبێتە خاوەنی ھەرێمێکی راستینەی خاوەن سەنگ و ھەیبەت؟ چش لە دەولەتی سەربەخۆ، کە مافی گشت گەلێکی کۆک و رێک و پێکە!
باشە تا کەی ھەرێم بەم شێوەیەی ٢٨ سالە بە دووبەرەکی و دوو ئیدارەیی و دوو زۆنی بەردەوام دەبێت؟ (نەکبەتییەکە ماوەیەکە خەستتریش بووە: حزبێکی دیکە دەڤەرێکی لێ دابڕیوە و لە وێشەوە وەک زۆنی سێیەم شەڕی دوو دەولەتی زلھێزی دراوسێی ھەرێم دەکات!!! وەک ئەوەی دوو زۆن و دوو ئیدارە و کێشە لەگەل حکومەتی عیراق بەس نەبن!!!) ئایا ئاوا ئەزموونی ھەرێمی کوردستان، لە نێوجەرگەی چوار دەولەتی داگیرکەر و توندوتیژ و پڕچەک، سەردەکەوێت؟ ئەگەر حکومەتی ھەرێم ئەم گرفتە بچووکەی نەخۆشی دووبەرەکیی ھەردوو حزبی سەرەکیی پێ چارەسەر نەکرێت، پێمان نالێن چۆن کارەساتی کۆڕۆنا و کێشەکانی لەگەل حکومەتی عیراق و دراوسێ داگیرکەرەکان چارەسەر دەکات؟! بەراستی و ڕاشکاوی چارەسەرکردنی کارەساتی دووبەرەکیی و نەکبەتیی و نەرێنییەکانی دوو ئیدارەیی و دوو زۆنی بۆ خەلکی کوردستان و کیانی ھەرێم بەقەدەر چارەسەرکردنی کارەساتی کۆڕۆنا گرنگە، ئەگەرنا ئەزموونی ھەرێم تووشی گەورەترین نوشوستی و نەھامەتی دەبێت.
تکایە با دوو بەرەبابیی و دوو ئیدارەیی و دوو زۆنیی بەس بێت، چونکە دار، تەنیا کرمی خۆی بەسە بۆ ڕزینی؛ با داری ئازادی کورد و ھەموو خەلکی کورستانی باشوور، کە بە خوێنی ھەزاران رۆلەی شەھید و فرمێسکی ھەزاران دایک و باوک و خزم و کەسانیان رواوە، بە کرمی دووبەرەکیی و کرمی فەساد نەڕزێت.
نا بۆ دوو بەرەکیی و نا بۆ دوو ئیدارەیی و نا بۆ سێ زۆنیی، دەبێت خاکی ھەرێم یەک زۆن بێت (واتە یەککرتوو بێت) و یەک ئیدارەی (واتە حکومەتیکی یەکگرتوو و متمانەپێکراوی) ھەبێت.