تەزرە بۆتانی
پێشکەشە بە ( شاعیر و مەلاو سیحرباز و پڕۆفیسۆرەکانمان )
دنیا بەخۆی
ئاوا جوانە
نەختێ عیلم
نەختێ عەشق
نەختێ شێتی
نەختێ موناجات و
ئەشــــــک
…..
عیلم و ئەڤین
سیاسەت و دین
کێ هەیە ڕێیان لێ بگرێ ؟!
کێ دەتوانێ
ڕێ لە هاتنی حەشر بگرێ ؟!
قەڵەمی بێباکی شێت بکڕێ
….
پەشێوی دایمەن ئاوارە
مەلای مەحکومی زیندان و
هەڕەشەی پەتی سێدارە
عەلی خانێک
لە تاو جنۆکە بێدارە
پیرباڵێک
باڵەکانی تەنک
بێ گڕو تین
وەک باڵی کاغەز ، کۆلارە
قەیدی چییە
پێیان نەڵێین
عەقڵ چەوتن
پێتان خوارە
ئەوەیە دیموکڕاسیتان ؟
هەی لۆ میللەتی بێ چارە !!!!
…..
کێ حەزدەکا
بێتە مەیدان
لە کچان و کوڕانی نیشتیمان
با ڕیز بگرن
لە دەوری پەشێو کۆ ببن
بازنە بەستن
سەما بکەن
ئەشک بگرن
ناخ پڕ بکەن لە شیعری ڤین
بە ئەفسانە
دنیا بکڕن
….
کێش حەزدەکا
بێتە مزگەوت
لە کچی شەرمن
کوڕی باڵابەرز و گرگن
بە ڕاست و چەوت
با کۆ ببن
مەلایەک ببێتە کەناڵ
حیقد و کینەی پەنگ خواردوویان
بۆ کافران
لە مزگەوتا بکرێ بەتاڵ
موناجاتیان
شار تەژی کا
لە کڕنۆشیان
لە تۆبەیان
لە شەوقیان بۆ
مەعشوق ، ویساڵ
….
کێ دەیەوێ
لە شێرپەنجەو
گوڕو بوون و شێت و هاری
پەکی نەکەوێ
لە ژێر بڕوا
فیزیا و پاڕا سایکۆلۆژیا
لێگەڕێن با بچتە ئەوێ
چاوی بە چاو
قاچی بەژێر حەیزەرانی
مەلا عەلی کەڵەک کەوێ
با تێر بخوا لە ڕۆژێ داو
شەوێ بە ئیسراحەت خەوێ
……
مادا سیاسەت
زەلکاوێکی وا بۆگەنە
پڕ لە پیاوی حیلەبازە
بۆ پیاوکوژانیش مەسکەنە
قەیدی چییە
فەرهادیش مەلەی تیا بکا
بۆ بە ڕوویدا هەڵدەشاخێن
ئێوە بەشەر
یا هار و بزنی تەگەنە ؟!
….
نەجاتمان دەن
نەجاتیان دەن
بیانکوژن
سزایاندەن
یا تۆبەیەکیان پێ بکەن و
داڵدەیان دەن
ئێرە خاکی هەموومانە
بە شێت و عالیم و عاشق
بە شاعیر و دانا و فاسق
ئەوسا جوانە
نەجاتیان دەن
نەجاتمان دەن
چیتر ئەوان و
شوێنپێیان
نەکەن بە پەندی زەمانە
کوردستانە
ماڵە گەورەی
هەموومانە
ــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرنج / هاوڕێیان بمبورن ، ڕاستە کەسایەتییەکان لەیەک جیاوازن بەڵام لە سێ خاڵ هاوبەشیان دەبینم :
١ ـ یاخی بوون
٢ ـ پڕ جەماوەری
٣ ـ دژایەتیکردنیان لەلایەن حزب و کۆمەڵگا