ڕێژنەی خەیاڵ/لوقمان مەنسوور
……………………….
ئەوا دیسان
باڵای شەنگت
کەوتە بەر ڕێژنەی خەیاڵ
لە قژەوە دەستم پێکرد
دامە بەر شنەی شەماڵ
بوو بە داوی ژینی گەنجیم
ڕۆژەکانی بەهەدەر دا
یەك لەدوای یەك توایەوە
بەدوای تاڵی قژی زەردا
خەیاڵ کەمێ
هاتە خوار و
گەیشتە برۆ و دوو چاوی شین
دوو برۆکەت
بە ویساڵت
دوو هیلالی دوو جەژن بوون
بۆ ئاشقی دڵ پڕ ئەوین
چاوەکانت دوو کانیی ڕوون
لێو شیرینتر لە باسووق و
لە چۆڕاوی شیلەی هەنگوین
گەردنیشت ساف و بێگەرد
مەمکیش بچووك و
توند وەك بەرد
قەدی باڵات شمشاڵ ئاسا
هەڵکشابوو بەرەو ئاسمان
کەمەر باریك و
ڕان گۆشتین
پێ لە جووتێ
پێڵاوی شین
دەسکی گۆزەی سەر شانیشت
بەند بوو
بە قۆڵی پڕ بازنگ
…………………….