ژیانەوە٭
ماڵە کۆنەکەی عیشقم
بە ناسکترین شووشە
نۆژەنکردەوە
بێ سڵکردنەوە لەشکان
چوون ڕۆژگار
گورزی خۆی لێ وەشاندبوو
ئاسەواری ئازار و شکانەکانم
لەجەستەی بلووری سڕییەوە
لەگەڵ هاوار و ناڵەم
تووڕمدا نێو قوڵایی دەریا .
ڕوونتر لەچاوی قرژاڵ
ناخی خۆمم بۆی بەیانکرد
لەسەر بێگەردی لیمی دەریا
بۆم نووسی، خۆشمدەوێی
گەر بێتوو شەپۆلەکانیش ڕایماڵن
لەگەڵ گوڵئەستێرەکاندا
شووشەیی دەدرەوشێتەوە
چوون دەزانم
عەشقێ بێ بنەما بێ
ڕوو لە داڕووخانە
عەشقی من و تۆ
بەرەو لووتکە لە هەڵگەڕانە .
سروەی بەیان