دەرهاویشتەکانی نامۆیی
…………………….
شــــــیعر/سەلوا ئیسماعیل
وەرگێڕان/لوقمان مەنسوور
————————–
لێم ئەپرسێت
چی لە وڵاتی نامۆیی ئەبینم ؟!
شارانێ بە ترس و دەمامکەوە ئەبینم
شەقامی زامدار لە تەنیاییدا ئەنووزێتەوە
شۆستە خۆی ئەداتە سەر شانی ڕێگا و
سەری گفتوگۆ ڕائەکێشن
بەرزبوونەوەی نرخەکان و
پسووڵەی کەڵەکەبوو لەسەر ڕەفی دڵ
لێرە دەریا بێ کەنارە
کەشتی بێ چارۆکەیە
نەوڕەسەکان بە بێ باڵ بەرز ئەفڕن
کە ئاشقێکی تەنیا ئەبینن
ئەبن بە باڵێك هێندەی چەتر
سێبەری پێ ئەبەخشن !
لێرە تووڕەیی و ئارامی هەیە و
تەنها کەنارێك ئەڕوانێتە هەیوانی شێتی
چاوان دەست لە ملی نەخشەی جیهان ئەکەن
بە ژیری وێنەی دەریا و کەشتی بۆ گەشتیاران ئەکێشن !
لێرە نامەکان بە بەرامەی پەرۆشین
چاوەڕێن باڵیان لێ بڕوێ و بفڕن
دوای ئەوەی لە با بێ ئومێد بوون !
لێرە پێکەنین دەست لە ملی هەناسەی مەرگ ئەکا
ژن ملی بەسەر ئامێری دورمانەوە شۆڕ بۆتەوە
پەنجەی پێشبڕکێ لەگەڵ دەرزی ئەکا
تا ئەچەقێتە گۆشتەکەی و
بە کوتاڵەکەوە ئەنووسێ
خوێنی ئەچۆڕێ و ئەبێ بە نان
بۆ ئەو دەمە کراوانەی چاوەڕێی خواردنی ئەکەن
لێرە ژن و پیاو و زمانی جۆراوجۆر هەیە
دوای ئەوەی دەمامك و شاوری پۆلیس زمانی بەستن
بە چاو ئەدوێن
لێرە من و تۆ
نامەی ناو شووشەیەکن
فڕێدراوەتە ناو دەریای بیرچوونەوە
شەپۆلەکانی نامۆیی تێمان ئەگرێ بۆ قەد سەنگەکانی کەنار
هەتا پارچە پارچە بین
ئەرێ پارچەکانی دڵ
پێی ڕێبواران ئەبڕن ؟!
————————–
دەرهاویشتەکانی نامۆیی

شارك هذه المقالة
اترك تعليقا
اترك تعليقا