لقمان منصور
وام لە باوەشی تەنیایی
ژووان لەگەڵ خەمەکانم ئەبەستم
لە شەوێکی پڕ ئازارا
تنۆکی ئەو فرمێسکانە
ئەهۆنمەوە
کە دابڕان بوو بە هۆکاری
ئەیکەم بە تەسبیحێکی درێژ و
زیکری دڵشکاندنەکانی
پێ ئەکەم
ئەستێرەکان ئەژمێرم و
بەراوردیان ئەکەم لەگەڵ
ئەو شەوانەی
چاوەڕێم ئەکردی و
نەدەهاتی
ئاخۆ ئستێرەکان زۆرترن ؟!
یا بێ بەڵێنی تۆ؟!
ئاخۆ ساتەکانی چاوەڕوانی
زۆرترن ؟!
یا پەیمانی هاتن بە درۆ ؟!
……
چرکەچرکی کاتژمێرەکەم
بەردەوامە و
شەو ناگاتە کۆتایی
تەنیایی و ئازار و خەم
سێکوچکەی
ئاکامی عەشقی منن
نابڕێنەوە
تەواو نابن
جێم ناهێڵن
هەتا مردن