چیرۆک
کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور
له دوای مردنی (ڕه‌مزی لاوکزاده)ی باوکمه‌وه، ئه‌وه یه‌که‌مجار بوو بمانه‌وێت ده‌رگا له میوان بکه‌ینه‌وه… به‌ڵام ئایا چ (نه‌شمان)ی دایکم و چ منیش ده‌مانزانی ئه‌و که‌سه، نا، باشتره بڵێم ئه‌و که‌سانه کێ بوون، که به‌و به‌یانییه زووه له ده‌رگایان ده‌دا…؟ نه‌خێر، ئێمه هه‌رگیز ڕۆژێک له ڕۆژان بڕوامان نه‌ده‌کرد ئه‌وانه به ڕاستی بوونیان هه‌بێت، تاکو ئاوا سه‌ردانمان بکه‌ن… به شێوه‌یه‌کی زۆر سه‌یر له‌و ده‌رگایه‌یان ده‌دا و ته‌قه‌یه‌کی جیاوازیشیان لێ هه‌ڵده‌ستاند، که به ڕاستی سه‌ری دهسووڕماندین… ده‌سا هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وای لێ کردین بڕیاری کردنه‌وه‌ی ده‌رگا بده‌ین، ئه‌گینا هه‌ر له دوای ناشتنی ته‌رمی باوکمه‌وه، له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێک که‌وتبووین، که نه‌هێڵین هیچ که‌سێک، ئینجا گرنگ نییه چ نیازێکی هه‌یه؛ دوو پێی بخاته ئه‌م حهوشهیهوه… به ئاماژه‌ی ده‌موچاو یه‌کترمان تێکگهیاند، که ڕازیین پێشوازی له‌و میوانه، باشتره بڵێم له‌و میوانانه بکه‌ین… نایشارمه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی به بینینیان حه‌په‌ساین، ده ئه‌وه‌نده‌یش لێیان ترساین… بۆیه به ناوی دایکیشمه‌وه قسه ده‌که‌م، چونکه ئه‌و خۆی ده‌رگای لێ کردنه‌وه… کاتێک بینینی، واقی وڕما و به دهموپلێکی تێکئاڵاوهوه لێی پرسین:
_ ئه‌وه ئێوه‌ن…؟! بۆچی ئێوه مرۆڤی ڕاسته‌قینه‌ن…؟!
ئه‌وان گوێیان به‌و نه‌دا و به ڕیز هاتنه حه‌وشه… (دارا)، (ئازاد)، (زارا)، (زه‌ینه‌ب)، (نازدار)، (نه‌سرین)، (نه‌وزاد)، (مام زۆراب) و ئه‌وانی دیکه‌ش یه‌ک له دوای یه‌ک له دایکم تێپه‌ڕین، (که حه‌یران و سه‌راسیمه ده‌ستی به ده‌رگاوه گرتبوو) و به‌ره‌و لای من هاتن… هه‌موو ئه‌و که‌لوپه‌لانه‌شیان پێ‌بوو، که له کتێبی (ئه‌لفوبێی باڵدار)دا ده‌یانبینین… بۆ نموونه (مام زۆراب) سینییه مێوژه نایابه‌که‌ی له‌سه‌ر سه‌ری دانابوو و ته‌رازووه‌که‌ی له هه‌وا ده‌خولانده‌وه، ڕێک وه‌کو ئه‌وه‌ی له وێنه‌که‌یدا دیومانه… (دارا) کۆللارهکهی هه‌ڵده‌دا و (ئازاد) سه‌تڵی شیره‌که‌ی لێ جیا نه‌ده‌بووه‌وه… به هه‌مان جلوبه‌رگیشه‌وه هاتبوون، به‌ڵام سیمایان خه‌مناک ده‌رده‌که‌وت… له‌ناو چیمه‌نه‌که لێی دانیشتن… تێکڕا و به‌رده‌وام سه‌رنجی قووڵیان له من ده‌دا… من ته‌نیا ده‌متوانی له ناخی خۆم بپرسم: ((ئه‌رێ ئه‌وانه چۆن دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه وه‌ک خۆیان ماونه‌ته‌وه و نه‌گۆڕاون…؟!)).
دایکم هه‌ر چۆنێ بێت له‌ناو ئه‌و هه‌موو ترس و حهپهسانهدا خۆیی گه‌یانده‌وه لای ئه‌و مێزه‌ی تازه له هه‌یوان پێویستییه‌کانی نانی به‌یانیی له چا، ماست، په‌نیر و هه‌نگوینی له‌سه‌ر دانابوو و له ته‌نیشت من دانیشت… به هه‌مان ترسه‌وه لێیان ڕاما… ڕانی، که له‌گه‌ڵ ڕانمدا جووت کردبوو، به شێوه‌یه‌کی سه‌یر ده‌له‌رزی و جه‌سته‌ی منیشی زیاتر ده‌له‌رانده‌وه… ماوه‌یه‌کی پێ چوو، تاکو توانیی پێیان بڵێت:
_ ناو ئه‌و چیمه‌نه شێی هه‌یه… ئه‌دی بۆ نایه‌ن له هه‌یوان دابنیشن و نانمان له‌گه‌ڵ بخۆن…؟!
یه‌کێکیان، نازانم نه (ئازاد) بوو نه (دارا)، وتی:
_ ئێمه هه‌تا پێمان بکرێت خۆمان له شوێنی کۆنکرێت و قیرتاو ده‌پارێزین… ناو ئه‌م باخه بۆ ئێمه خراپ نییه.
(مام زۆراب) وتی:
_ ئێمه هاتووین سه‌ره‌خۆشیتان لێ بکه‌ین… ڕه‌حمه‌تی یه‌کێک بوو له که‌سه خۆشه‌ویسته‌کانمان.
(زه‌ینه‌ب) له کاتێکدا بهبهکهی هه‌ڵده‌په‌ڕاند، بۆی ته‌واو کرد:
_ له‌وانه‌یه بڵێن ئه‌دی بۆ دوای سێ ساڵ، ئینجا تازه وا هاتوون… ڕاستییه‌که‌ی هه‌ر زوو هه‌واڵه‌که‌مان پێ گه‌یشت، به‌ڵام نه‌مانده‌توانی له‌مه زووتر بگه‌ینه لاتان… له شوێنێکی دوور بووین… ڕه‌حمه‌تی چواره‌م که‌سی زۆر نزیکمان بوو، که له ماوه‌یه‌کی که‌مدا یه‌ک له دوای یه‌ک گیانیان له ده‌ست دا… پار له ڕۆژێکی وه‌کو ئه‌مڕۆ سه‌ردانی خێزانی یه‌کێکیانمان کرد و ئه‌مساڵیش وا هاتووین بۆ لای ئێوه، به‌ڵام به داخه‌وه هه‌تا ئێستا نه‌مانتوانیوه بچینه لای که‌سوکاری دووانه‌که‌ی تر و ئاوا وه‌ک ئێوه سه‌ره‌خۆشی له‌وانیش بکه‌ین.
(زارا) له‌ولاوه هه‌ڵیدایه و به ده‌م ئاخههڵکێشانهوه وتی:
_ ئه‌وه‌ی داخی ئێمه‌ی گران کردووه، ئه‌وه‌یه، که هه‌رچواریان ژه‌هرخوارد کراون.
دوای ئه‌و قسانه هه‌ندێک بێده‌نگ بوون و ئینجا هه‌ر یه‌که‌یان چوار وانه‌ی (ئه‌لفوبێی باڵدار)ی به ده‌نگی به‌رز، به‌ڵام به نه‌غمه‌ی زۆر خۆش، بۆ ڕۆحی باوکم خوێنده‌وه، به ڕاده‌یه‌ک من پێشتر هیچ که‌سێکم نه‌دیبوو ئاوا ئه‌و کتێبه بخوێنێته‌وه… ته‌زوو به سه‌رتاپای گیانمدا ده‌هات… ئه‌وسا (نازدار)، (شێرکۆ) و (مام زۆراب) به ئاشکرا گریان، به‌ڵام ئه‌وانی تر به دزییه‌وه فرمێسکیان هه‌ڵده‌ڕشت… من ئه‌وه یه‌که‌مجار بوو به ڕاستی بزانم باوکم ژه‌هرخوارد کراوه، بۆیه ئه‌و هه‌واڵه له ناخه‌وه هه‌ژاندمی… پێشتر دایکم یه‌ک دوو جار ئاماژه‌ی به‌وه دابوو، به‌ڵام من ده‌موت ڕه‌نگه وه‌ک زۆر له قسه‌کانی تری، ئه‌وه‌یش هه‌ر به‌شێک بێت له هه‌ڵڕشتنی داخه‌کانی دڵی، بۆیه گوێم پێی نه‌ده‌دا… کاتێ له ده‌می (زارا)ه‌وه ئه‌مه‌م بیست، هه‌موو ئه‌و ڕابردووه‌م به جارێ هێنایه‌وه به‌رچاوم… ئه‌گه‌رچی تا ئه‌و کاته هیچ قسه‌یه‌کم له‌گه‌ڵ نه‌کردبوون، به‌ڵام له‌مه‌وه ویستم هه‌ر چۆنێ بێت له‌و باره‌یه‌وه پرسیاریان لێ بکه‌م، به‌و مه‌به‌سته‌ی له بنجوبنه‌وانی مه‌سه‌له‌که تێبگه‌م، که‌چی ئه‌وسا (نازدار) سه‌یرێکی کردم و وتی:
_ دوور نییه هه‌ر ئه‌و ده‌سته بێت، که ساڵی ڕابردوو دانه‌ری مهزنیشمانی ژه‌هرخوارد کرد.
من زانیم مه‌به‌ستی له (دانه‌ری مه‌زن) (ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار)ه و به‌و قسه‌یه هێنده‌ی دیکه شڵه‌ژام… ئه‌وان به شێوه‌یه‌کی سه‌یر له سیمای (نازدار) ڕامان، وه‌ک بڵێی نه‌یانویستبێت ئه‌و نهێنییه به ئێمه بڵێن… من ده‌بووایه بیر له مه‌سه‌له‌ی ژه‌هرخواردنی (ڕه‌مزی لاوکزاده)ی باوکم و (ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار)ی دانه‌ری مه‌زن بکه‌مه‌وه… لێم نابێته درۆ، ئه‌گه‌ر بڵێم هه‌ردووکیانم به قه‌ده‌ر یه‌کتر بینیبوو، لانی که‌م هه‌تا ڕۆژگاری ڕاپه‌ڕین، که ئه‌وسا ته‌مه‌نم ده‌گه‌یشته سیوپێنج ساڵ… ڕه‌نگه ئه‌م گوته‌یه‌م پێویستی به هه‌ندێک ڕوونکردنه‌وه هه‌بێت… مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه وه‌ک چۆن ده‌مزانی (ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار) دانه‌ری (دارا) و (ئازاد) و ئه‌وانی تره، به بێ ئه‌وه‌ی له هیچ شوێنێکدا ئه‌و پیاوه‌م دیبێت، به هه‌مان شێوه ده‌مزانی منیش باوکێکم هه‌یه، به‌ڵام یه‌ک جاریش ڕێک نه‌که‌وتبوو چاومان به یه‌کتر بکه‌وێت… ته‌نانه‌ت وێنهیشیم نه‌دیبوو، چونکه دایکم ده‌یوت له ترسی پشکنینی ماڵان نه‌ک هه‌ر وێنه و کتێبه‌کانی، به‌ڵکو هه‌ر شتێک دوور و نزیک پێوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌بووبێت، سووتاندوویه‌تی… چ لای ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت و چ لای خه‌ڵکیش ده‌یوت له (ڕه‌مزی لاوکزاده)ی مێردی جیا بووه‌ته‌وه و هیچ ئاگایه‌کی له هه‌واڵی نییه… له‌و قسه‌یه‌یدا ڕاستییش هه‌بوو، چونکه وه‌ک من ده‌مزانی باوکم له سه‌ره‌تای ئه‌پڕیلی پهنجاوشهشهوه، واتا دوو مانگ پێش له‌دایکبوونی من، سه‌ری خۆیی هه‌ڵگرتبوو و بواری گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نه‌ڕه‌خسا بوو، یان دوور نییه خۆی نه‌یویستبێت بگه‌ڕێته‌وه… له هه‌ره‌س و دانوستانه‌کاندا هه‌موو هاوڕێ و ناسیاوه‌کانی ده‌هاتنه‌وه و ئه‌م خۆی به ته‌نیا له‌و شاخانه، یان له هه‌ر شوێنێکی تر، که ئێمه پێمان نه‌ده‌زانی؛ خۆیی ده‌شارده‌وه… ئه‌و کاته‌ی (ڤیان)ی خوشکم و (ئومێد)ی ده‌زگیرانی له قۆناغی چواره‌می زانکۆ ویستیان ئه‌ڵقه بگۆڕنه‌وه، دایکم پێی وتن بچنه لای باوکم، به‌و مه‌به‌سته‌ی پیرۆزباییان لێ بکات… منیش حه‌زم کرد له‌گه‌ڵیان بچم، به‌ڵام دایکم نه‌یهێشت… (31.01.1978) بوو، ڕۆژی وا ساردم له هه‌موو ژیانی خۆمدا نه‌دیبوو… دوای حه‌فته‌یه‌ک ته‌رمی هه‌ردووکیانیان بۆ هێناینه‌وه و نه‌مانزانی کێ ئاوا به‌ر گولله‌ی داون… من ئه‌وسا له گه‌رمه‌ی تاقیکردنه‌وه‌کانی نیوه‌ی ساڵی پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌ییدا بووم و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌ش بوو دایکم ڕێگای نه‌دام له‌گه‌ڵیان بچم… له ڕاپه‌ڕینیش کاتێ بۆ یه‌که‌مجار (ڕه‌مزی لاوکزاده)ی باوکمم بینی، هه‌ر وه‌کو ئه‌و پارتیزانه چڵکن و لاوازانه هاته به‌رچاوم، که به چه‌کی سووک و حه‌ماسی گه‌رمه‌وه له کۆڵان و گۆڕه‌پانه‌کانی شاردا تێک دهقژقژان، یان به شێوه‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش له‌سه‌ر دیواره‌کانه‌وه خۆیان هه‌ڵده‌دایه خوارێ، به بێ ئه‌وه‌ی چه‌که‌کانیان له ده‌ست بکه‌وێته سه‌ر زه‌وی… ئه‌وه‌ی باوکمی له‌وان جیا ده‌کرده‌وه، ته‌نیا ته‌مه‌نی بوو، که ئه‌وسا به پێی شوناسنامه‌که‌ی خۆیی له حه‌فتا ساڵی ڕێک ده‌دا… به بێ دوودڵی ده‌توانم بڵێم باوکم له هه‌موو ئه‌و پارتیزانانه‌ی دیکه به ته‌مه‌نتر بوو، که له مانگی مارچی ئه‌و ساڵه به ده‌نگی نووساو و جلی په‌ڕپووته‌وه ڕژانه ناو شار و به خێراییه‌کی بێوێنه قوتابخانه و نه‌خۆشخانه و دیپارتمێنته داڕووخاوه‌کانی دیکه‌ی ده‌وڵه‌تیان کرده باره‌گا… له یه‌کێک له‌و باره‌گایانه بۆ یه‌که‌مجار من باوکمم بینی، به‌ڵام به یهکگهیشتنهکهمان له شه‌وق و خۆشه‌ویستی خاڵی بوو… ئه‌وه‌ی پاڵی پێوه نام بچمه ئه‌وێ، مه‌راق بوو، نه‌وه‌ک سۆز و خۆشه‌ویستی… نازانم ئه‌گه‌ر ئه‌و پیاوه لاوازه‌ی به کڵاشینکۆفێکه‌وه له‌وێ وه‌ستابوو، پێی نه‌وتایه ئه‌وه (سه‌رکه‌وت)ی کوڕته و بۆ بینینت هاتووه، من خۆمم پێی ده‌ناساند، یان نا، به‌ڵام ئه‌وه‌نده ده‌زانم کاتێ له باوه‌شی گرتم و ئه‌ملا و ئه‌ولای ماچ کردم، هیچ گهرموگوڕییهکم نه له جووڵه و نه له ڕووخسار و نه له تۆنی ده‌نگیشیدا هه‌ست پێ کرد… بیرمه ئه‌وسا له خۆمم پرسی، ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و پێکگهیشتنهمان له شوێنێکی دیکه بووایه، نه‌وه‌ک له باره‌گا و له به‌رچاوی هاوڕێکانیدا، به هه‌مان شێوه ده‌بوو…؟! چونکه به‌شی خۆم له‌وه تێگه‌یشتووم، که پارتیزان نابێت خۆشه‌ویستی و سۆزی قووڵ ده‌رببڕێت، هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌و سۆز و خۆشه‌ویستییه بۆ که‌سه هه‌ره نزیکه‌کانیشی بن… دواتر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌م به شێوه‌یه‌کی دی لێک دایه‌وه… مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، که من خۆم گهرموگوڕیم نه‌نواند… له‌و ماوه‌یه‌ی خه‌ریکی شانۆ بووم، شتێکی گرنگ، باشتره بڵێم وانه‌یه‌کی سه‌یر له (به‌فرین سالم)ی ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ره‌وه فێر بووم… ئه‌و ده‌یگوت: ((سیمای ئه‌کته‌ری یه‌که‌م ئه‌وه‌نده‌ی له ئه‌کته‌ری دووه‌مدا ده‌رده‌که‌وێت، هێنده له خۆیدا ده‌رناکه‌وێت))… من نه‌مده‌زانی مه‌به‌ستی چییه، تاکو به نموونه بۆی ڕوون نه‌کردمه‌وه… ده‌یوت: ((بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رکه‌وێت (ئهلف) له‌سه‌ر شانۆ پله‌ی تووڕه‌بوونه‌که‌ی، یان ڕاده‌ی ئاسووده‌ییه‌که‌ی چه‌نده، ده‌بێت (بێ) ئه‌وه له خۆیدا نیشان بدات))… ئینجا وتی: ((کاتێک (ئهلف) بۆکسێک له (بێ) ده‌دات، ده‌بێت (بێ) وای پێشان بدات، که بۆکسێکی زۆر قایمی به‌ر که‌وتووه… ئه‌وسا زه‌بری بۆکسه‌که ده‌رده‌که‌وێت، هه‌تا ئه‌گه‌ر له ڕاستیدا بۆکسه‌که چه‌ند بڵێی سووکیش بووبێت… یان من ماچێکی زۆر ئاسایی له لێوت ده‌که‌م، به‌ڵام تۆ له سیمای خۆتدا وای ده‌رده‌خه‌یت، که ماچێکی قووڵه و چێژت زۆر لێ بینیوه، ئه‌وسا بینه‌ر وا ده‌زانێت ئه‌وه منم هێنده به قووڵی تۆم ماچ کردووه)).
من ددانی پێدا ده‌نێم به گه‌رمی باوکمم ڕانهمووسی، بۆیه دوور نییه له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ستم به ساردیی ئه‌ویش کردبێت… زۆرجاریش هۆکاریی ئه‌و ساردوسوڕییهم بۆ ته‌مه‌ن گێڕاوه‌ته‌وه، که منێکی سیوپێنجساڵ ناتوانم وه‌ک منداڵێک، یان هه‌رزه‌کارێک سۆز و خۆشه‌ویستی له ئاستی باوکێکی حهفتاساڵاندا ده‌رببڕم، له کاتێکدا پێشتر نه خۆی و نه فۆتۆیم بینیبێت… هاوکات هه‌قم به‌ویش داوه، که وه‌ختێ جێی هێشتووین، من له سکی دایکمدا بوومه… هه‌ر له‌و باره‌گایه و له زمانی پارتیزانه‌کانه‌وه بۆم ده‌رکه‌وت، که باوکم کاتێ هه‌واڵی کوژرانی (ڤیان)ی خوشکم و (ئومێد)ی ده‌زگیرانی پێ گه‌یشتووه، زۆر خه‌فه‌تبار بووه، ته‌نانه‌ت چه‌ند ڕۆژێک له‌گه‌ڵ که‌س قسه‌ی نه‌کردووه… له ده‌ره‌وه یه‌کێکیان پێی وتم، که ئه‌گه‌رچی پێشتریش باوکم وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌ی خۆی، به‌رده‌وام ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌کانی یاداشت کردووه و بۆ سێ هاوڕێی نزیکی خۆیی ناردوون، که هه‌ر یه‌که‌یان دانیشتووی (لایه‌ک) بووه، به‌ڵام له‌و ڕۆژه‌وه زۆر وردتر ده‌ستی داوه‌تێ و ئیتر ڕووداوه لاوه‌کییه‌کانیشی نه‌بواردووه… هه‌ر ئه‌و پارتیزانه چاوڕه‌شه کاتێ به قۆنداغی تفه‌نگ پرته‌قاڵی له‌و دره‌خته ده‌کرده‌وه، که لقه‌کانی به سه‌ر دیواری ده‌ره‌وه‌ی باره‌گادا شۆڕ بووبوونه‌وه، پێی وتم، گوایه باوکم ئه‌و ڕۆژه زۆر له گیانی خۆی ترساوه، به بێ ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی ترسه‌که‌ی ده‌ستنیشان کردبێت.
ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌م لێ بووبووه مه‌راق، که ئاخۆ دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه دایکم و باوکم چۆن به یه‌ک گه‌یشتوون…؟! چۆن یه‌کتریان ڕامووسیوه و چه‌ند گریاون…؟! من ئێواره کاتێ گه‌ڕامه‌وه ماڵ، بینیم وا هه‌ردووکیان خه‌ریکی هه‌ڵکه‌ندنی سووچێکی باخه‌که‌ن، به‌ڵام هه‌رچه‌ندی کردم و کۆشام نه‌مزانی کاتی خۆی چی‌یان له‌وێ شاردووه‌ته‌وه و ئێستا به نیازن ده‌ریبهێنن… باوکم ئاره‌قی لێ ده‌چۆڕایه‌وه، که‌چی به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له باره‌گا بینیبووم، ئاسووده‌تر، یان باشتره بڵێم ساده‌تر ده‌هاته به‌رچاوم… هه‌ستم کرد وا که‌مێک به‌زه‌ییم پێیدا دێته‌وه، به‌ڵام به خێرایی به سه‌ر ئه‌و هه‌سته‌مدا زاڵ بووم و به لاوه‌م نا، چونکه ده‌مزانی ئه‌گه‌ر درێژه بکێشێت، ده‌مخاته به‌رده‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌کی قووڵه‌وه و وێرانم ده‌کات… ئه‌مه ئه‌و شته بوو، که ده‌بووایه من به هه‌موو شێوه‌یه‌ک خۆمی لێ بپارێزم… دایکم له کاتێکدا به ده‌سته چرچه‌کانی خۆڵه‌که‌ی ده‌رده‌دا، له‌ژێر قژه ڕه‌ساسییه‌که‌ی سه‌ر ده‌موچاوی پێی وتم:
_ به ته‌ماین دارپرتهقاڵێک بکڕین و لێره بیڕوێنین.
من هیچم نه‌وت، به‌ڵام له ناخه‌وه به‌وه پێکه‌نیم، به‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت منداڵێک بخه‌ڵه‌تێنن، که ته‌مه‌نی سیوپێنج ساڵه… وه‌ک بڵێی پێیان وا بێت له پهنجاوشهشهوه زه‌مه‌ن له‌م ماڵه وه‌ستاوه و تازه له‌به‌ر خاتری ئه‌وان ده‌ستی پێ کردووه‌ته‌وه… له هه‌مووی سه‌یرتر به هۆی ئه‌و ڕووداوانه‌وه ڕێگای نێوان کوردستان و شاره‌کانی عێراق داخرابوو و ئیتر عه‌ره‌به‌کانی به‌عقووبه و خالس نهیاندهتوانیی شه‌تڵی پرته‌قاڵ بگه‌یه‌ننه بازاڕه‌کانی ئێره… ئه‌مه زیاتر وای لێ کردم، که هه‌ست بکه‌م ئه‌وان له‌و شوێنه شتێکی گرانبه‌هایان شاردووه‌ته‌وه و ئێستا وا ده‌ریده‌هێنن… سه‌ره‌ڕای ئه‌و ماندووێتییه، به‌ڵام ئاسووده و دڵخۆش دیار بوون… باوکم دایکمی به (ناشێ) و (نه‌شمه) بانگ ده‌کرد و ئه‌و به (ڕهمزۆ) ناوی باوکمی ده‌هێنا، که ئه‌مه‌یان بۆ نواندنی خۆشه‌ویستی بوو له ئاستی یه‌کتردا، به‌ڵام من هه‌ندێک پێکه‌نینم به‌وه‌ش ده‌هات، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم پێی په‌ست ده‌بووم… ده‌شمزانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی باوکم له به‌غدا خوێندوویه‌تی، ئێواران به مه‌به‌ستی په‌یداکردنی بژێویی ڕۆژانه‌ی خۆی، لێکچه‌ی تایبه‌تی به منداڵه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان گوتووه‌ته‌وه و هه‌ر له‌و ڕێگایه‌شه‌وه دایکمی ناسیوه… کچی ئه‌فسه‌رێک بووه، که ڕه‌چه‌ڵه‌کی بۆ به‌گزاده‌کانی خانه‌قین گه‌ڕاوه‌ته‌وه و به یه‌کێک له هاوڕێ نزیکه‌کانی (به‌کر سدقی) ناسراوه، ته‌نانه‌ت یه‌کێک بووه له‌وانه‌ی ساڵی 1936 له‌ژێر سه‌رکردایه‌تیی ئه‌ودا له به‌عقوبه‌وه هێرشیان بۆ سه‌ر به‌غدا بردووه و وه‌زاره‌ته‌که‌ی (یاسین ئه‌لهاشمی)یان رووخاندووه… وه‌ک بیستوومه ناوی (نه‌شمان)یش هه‌ر (به‌کر سدقی) له دایکمی ناوه، که وا بزانم ناوی دێیه‌کی نزیک (عه‌سکه‌ر) بووه و عوسمانییه‌کان سووتاندوویانه… باوکم هه‌رگیز نه‌چووه‌ته ئه‌قڵیه‌وه تاقه کچه به‌نازه‌که‌ی ئه‌و ئه‌فسه‌ره هێنده خۆشی بوێت، له کاتێکدا حه‌وت ساڵیش له خۆی منداڵتره… ئه‌گه‌رچی ئه‌و ڕازیی نابێت کچه‌که‌ی شوو به کوڕێکی هه‌ژار بکات، که له باوکیه‌وه هه‌تا باپیره‌گه‌وره‌ی هه‌ر لاوک و حه‌یرانیان وتووه و به چاوه‌ش ناسراون، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وسا به هۆی ڕووداوی ئوتۆمۆبێلهوه خۆی و ژنه‌که‌ی گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن… له‌مه‌وه (نه‌شمان)ی کچیان به ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه… پشت له که‌سوکاری ده‌کات و له‌گه‌ڵ (ڕه‌مزی لاوکزاده)ی ده‌زگیرانی تا ئه‌م شاره ناوه‌ستێت… ئه‌و کاته‌ی سکی به (ڤیان)ی خوشکمه‌وه هه‌بووه، ته‌مه‌نی له شانزده ساڵ تێنه‌په‌ڕیوه… ئه‌گه‌ر خانووی ئێمه به گه‌وره‌ترین خانووی گه‌ڕه‌ک ده‌ژمێردرا، ئه‌وه به پاره‌ی ئه‌و ئاڵتوون و به‌رده گرانبه‌هایانه کڕا بوو، که دایکم له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنابوونی… من بیرم له‌و چیرۆکه‌یان ده‌کرده‌وه و ئه‌وانیش به‌رده‌وام ئه‌و چاڵه‌یان هه‌ڵده‌که‌ند… هه‌ستێکی سه‌یر له ناخمدا هه‌ڵده‌تۆقی، که هیچ لێی تێنه‌ده‌گه‌یشتم… دوایی وای بۆ چووم، که ئه‌و چاڵه‌یان بۆیه هه‌ڵکه‌ند، تاکو ماندووێتییهکهیان بکه‌نه بیانووی خۆدزینه‌وه له ده‌ستبازی و جووتبوون، هه‌تا به بێ هیچ بێنهوبهردهیهک سه‌ر بخه‌نه سه‌ر سه‌رین و تا به‌یانی لێی بخه‌ون… ئه‌مه ئه‌و شته بوو، که من به په‌رۆشه‌وه ده‌مویست ئاگام لێی بێت… نه‌مده‌زانی ئاخۆ ئه‌وه مه‌راق بوو، یان شتێکی دیکه، وای لێ ده‌کردم بزانم ئه‌وان له‌و ته‌مه‌نه توانا و زه‌وقی ئه‌و کاره‌یان ماوه… به خۆمم وت: ((تۆ له‌وه گه‌ڕێ، که ئه‌وانه دایکوباوکتن، به‌ڵکو ته‌نیا وا بزانه ژنومێردێکن و دوای سیوپێنج ساڵ به یه‌کتر ده‌گه‌نه‌وه… ئایا پێکه‌وه جووت ده‌بن…؟!)).
دایکم جلێکی جیاوازتر له هیی ڕۆژانی تری پۆشیی و وا بزانم هه‌ندێک ماکیاژیشی کرد… بۆیه ده‌ڵێم وا بزانم، چونکه دوای ئه‌وه‌ی به‌و کراسه په‌مه‌ییه‌وه که‌وته به‌رچاوم، ئیتر به ده‌ست خۆم نه‌بوو شه‌رمم ده‌کرد له ده‌موچاوی ڕابمێنم… کاتێکیش پیجامهی خۆمم له‌به‌ر باوکم بینی، نه‌مزانی بۆچی ئاوا سه‌غڵه‌ت بووم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شه‌وه‌که‌یان به هێمنی برده سه‌ر، چونکه به ئه‌قڵ و خولیای منداڵێک له پشت ده‌رگای ژووری نووستنه‌که‌یان گوێم بۆ هه‌موو سرته و چرپه‌یه‌کیان هه‌ڵخست و شتێکی وام هه‌ست پێ نه‌کرد، که ئه‌وه بگه‌یه‌نێت ئه‌وان ده‌یانه‌وێت کارێکی له‌م شێوه‌یه بکه‌ن… نه‌مزانی بۆچی ئه‌وه‌نده‌م به‌زه‌یی به خۆماندا هاته‌وه و خه‌ریک بوو وه‌ک منداڵێکی هه‌تیو بگریم… هاوکات له ئاستی زه‌مه‌ندا هه‌ستم به ترسێکی گه‌وره کرد و هێنده‌ی دی خۆم به بچووک هاته به‌رچاو… پڕ به دڵ حه‌زم ده‌کرد گوێم له شڵپه‌ی ماچ و مڵچه‌مڵچی ده‌می باوکم ببێت، کاتێ مه‌مکه چرچه‌کانی دایکم ده‌مژێت، به‌ڵام دوو ته‌رم بوون و له شوێنی خۆیان نهدهبزووان… خۆ له‌سه‌ر ئه‌و ته‌خته کۆن و داڕووخاوهدا هه‌ر جووڵه‌یه‌کی نائاساییان بکردایه، ئه‌وا (هه‌ر خۆم ده‌مزانی) چۆن به جیڕه‌جیڕی خۆی دنیای لێ ئاگادار ده‌کردنه‌وه… ئه‌و ته‌ختی نووستنهش هه‌ر ئه‌وه‌یان بوو، که سیوپێنج ساڵ پێشتر جه‌سته‌ی به‌هێز و پڕ له ئاڵۆشیانی هه‌ڵده‌گرت و ده‌بووه شایه‌تحاڵی ته‌کان و موچوڕکه و قه‌پاڵ و ده‌نگی هه‌ناسه خێرا و خاوه‌کانیان، چونکه دایکم نه‌یده‌ویست هیچ شتێکی ماڵه‌که بگۆڕێت… هاوڕێکانم پێیان ده‌وتم ئه‌مه ماڵ نییه، به‌ڵکو مۆزه‌خانه‌یه‌کی لۆکاڵییه… ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم، که هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌کانی من چ له زانکۆ و چ دواتریش به هۆی ئه‌وه‌وه سه‌ریان نه‌ده‌گرت، چونکه کاتێ ده‌گه‌یشته ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و کچه پێکه‌وه بژین، ئه‌م به‌و ماڵه کۆنه ڕازیی نه‌ده‌بوو و منیش نه‌مده‌ویست دایکم به ته‌نیا جێ بهێڵم… یه‌کێکیان (به‌فرین سالم)ی ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ر بوو، که دوای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شانۆ نموونه‌ی (بۆکس و ماچ)ه‌که‌ی بۆ هێنامه‌وه، وای لێ کردم وه‌کو شێت خۆشم بوێت و له‌و زیاتر بیر له هیچی دیکه نه‌که‌مه‌وه، ئه‌گینا پێشتر وه‌کو ژنێکی زۆر ئاسایی لێیم ده‌ڕوانی، بگره به حوکمی پێوه‌ندییه‌که‌مان، که پێوه‌ندیی ئه‌کته‌رێک بوو به دهرهێنهرهکهیهوه، هه‌ندێ شه‌رمیشم لێی ده‌کرد… به‌و نموونه‌یه هه‌موو ده‌ماره نووستووه‌کانی گیانمی به ئاگا هێنایه‌وه و به‌رده‌وام خه‌ون و زینده‌خه‌ونم به ماچی لێوی و مژینی گۆی مه‌مکه‌کانیه‌وه ده‌بینی… ئێستاش نه‌مزانی بۆچی له‌گه‌ڵ ئه‌و وته‌یه‌یدا دوور له ویستی خۆم چاوم که‌وته سه‌ر نووکی پێڵاوه‌کانی… ده‌ترسام خۆمم پێ نه‌گیرێت و بۆی له‌سه‌ر ئه‌و ته‌ختی شانۆیه پاڵ بکه‌وم، تاکو تێر تێر بزێمی ئه‌و جووتهپێڵاوهی بلسمهوه و گاز له نووکی تیژیان بگرم، به‌ڵێ، وه‌ک نوقڵ بیانکرمێنم… سه‌رم هه‌ڵبڕی و له‌و لێوانهیم ڕوانی، که به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له نووکی پێڵاوه‌کانی ده‌چوون… ڕه‌نگه وا هاتبێتنه به‌رچاوی منه‌وه… هه‌رگیز نه‌مده‌زانی من که‌سێکی هێنده حهشهریم… خۆمم نه‌گرت و دوای دوو ڕۆژ هه‌ستی دڵمم بۆ ده‌ربڕی، به‌ڵام ئه‌وه‌شم لێ نه‌شارده‌وه، که زیاتر شه‌یدای جه‌سته‌یم، له‌وه‌ی خۆشم بوێت… پێم وت نووکی پێڵاوه‌کانی له بێخه‌وه ههڵیانتهکاندووم… پێشم وت هه‌ر له لێوه‌کانی ده‌چن، کاتێ دایانده‌خات و به حه‌په‌ساوییه‌وه سه‌رنج له شت ده‌دات… ئه‌وسا پێکه‌نیی، بگره تریقایه‌وه و وتی:
_ وای که شێتی هه‌تیو…!! لێوی من له نووکی پێڵاو ده‌چێت…؟! ئاخر بۆچی ئاوا هه‌ی سه‌رزل…!!
ئه‌گه‌رچی هه‌رگیز حه‌زم له وته‌ی حه‌ماساوی نه‌بووه، که هه‌ندێک پێی ده‌ڵێن (هه‌ستی ڕۆمانسییانه) و زۆرجاریش له‌سه‌ر ئه‌وه له لایه‌ن کچانه‌وه ڕه‌خنه‌م لێ گیراوه، به‌ڵام ئه‌و جاره‌یان خۆمم بۆ نه‌گیرا و پێم وت:
_ نازانین چ جه‌سته‌یه‌ک ناشیرینه، یان جوان، هه‌تا گوێمان له ده‌نگی ئه‌و جه‌سته‌یه نه‌بێت… ئه‌وه زمانی ئه‌و جه‌سته‌یه‌یه پێمان ده‌ڵێت ئێمه چۆنی ببینین… تۆ به‌و چه‌ند وشه‌یه خۆتت به من نیشان دا، ئه‌گینا پێشتر نهمدیبوویت.
ئه‌و دوای کوژرانی مێرده‌که‌ی له یه‌کێک له خۆپێشاندانه‌کانی شار، به ته‌نیا له ماڵێکی خۆشدا ده‌ژییا و زۆر پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرت، که دایکم جێ بهێڵم و له‌گه‌ڵ ئه‌و بژیم، به‌ڵام نه‌متوانی بڕیارێکی ئاوا بده‌م، ئه‌گه‌رچی هه‌تا ده‌هات زیاتر ته‌فره‌ی ده‌دام و پتر حه‌زم له ماچی ده‌می و مژینی گۆی مه‌مکه‌کانی و بۆنی قژه خاوه‌که‌ی ده‌کرد، که به ستایلی فرانسی دهیبڕیی… پێم ده‌وت:
_ تێکڕای شتومه‌که‌کانت بفرۆشه و وه‌ره با پێکه‌وه له‌م ماڵه‌ی ئێمه بژین.
که‌چی ئه‌ویش ده‌یوت:
_ یه‌که‌م: له‌و مۆزه‌خانه‌یه هه‌ڵناکه‌م… دووه‌م: شتومه‌که‌کانی خۆم بۆنی مێرده‌که‌میان گرتووه و ده‌ستم لێیان به‌ر نابێت.
منیش نه‌مده‌توانی پێی بڵێم بیانهێنێته ماڵی ئێمه، چونکه دایکم نه‌یده‌هێشت یه‌ک که‌لوپه‌لی دیکه بهێندرێته‌وه… پێی ده‌وتم:
_ ڕێگات لێ ناگرم کێ ده‌که‌یته هاوسه‌ری خۆت، به‌ڵام به مه‌رجێ یه‌ک شتومه‌کی ئه‌م ماڵه گۆڕانی به سه‌ردا نه‌یه‌ت.
ئینجا ده‌یوت:
_ ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانیت، که مه‌به‌ستم له گۆڕانکاری ته‌نیا لابردنی شتومه‌ک نییه، به‌ڵکو زیادکردنیشیهتی… هه‌رگیز خه‌یاڵ نه‌که‌یت من بهێڵم هیچ شتێکی ئه‌م سه‌رده‌مه تێکه‌ڵی شتومه‌کم ببێت.
پێشتریش (ڤیان)ی خوشکم هه‌مان کێشه‌ی له‌گه‌ڵیدا هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و وه‌ک من دڵی ڕانه‌ده‌گرت، به‌ڵکو به‌رده‌وام له دژی ده‌وه‌ستایه‌وه… له بیرمه ئه‌ویش زوو زوو پێی ده‌وت:
_ من کچی تۆ بم، یه‌ک کوڕ نامخوازێت و ده‌بێت تا ماوم له‌م مۆزه‌خانه‌یه بمێنمه‌وه.
(ڤیان) نه‌بووایه هه‌رگیز نه‌ده‌بووینه خاوه‌نی ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆن و بهفردانهش، چونکه دایکم هێنانی ئه‌و که‌لوپه‌له نوێیانه‌ی به هۆکاری تێکچوونی سیمای ماڵه‌که ده‌زانیی.
بیرم له‌وه کرده‌وه ورده ورده، به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ست بکات، شته‌کان بشکێنم، به‌و مه‌به‌سته‌ی ناچار ببێت و هیی نوێیان بخاته شوێنی… ڕۆژێکیان شه‌کردانێکی چینیم به‌و زه‌وییه‌ی ناندیندا کێشا و کردمه ده‌یان پارچه، که نه‌خشی جوان جوانی به سه‌ره‌وه بوو و زۆری خۆش ده‌ویست… کاتێ له ده‌وام هاته‌وه و بینیی، شێت بوو… ماوه‌یه‌ک بوورایه‌وه و وتم ده‌مرێت، که‌چی هه‌ستایه‌وه و چوو له‌و ژووره که‌وته پیاسه‌کردن… ده‌مزانی هه‌ر کاتێک بیه‌وێت بیر له پلانێکی گرنگ بکاته‌وه، ئاوا له‌و ژووره ده‌رگا له سه‌ر خۆی داده‌خات و به‌رده‌وام هاتوچۆ ده‌کات… من له میانه‌ی په‌نجه‌ره‌که‌وه لێیم ده‌ڕوانی و ده‌مویست بزانم ئه‌م حاڵه‌ی به کوێ ده‌گات… کاتێکم زانی به پڕتاو هاته ده‌رێ و چووه ناندینه‌که… پارچه‌کانی شه‌کردانی کۆ کرده‌وه و هه‌موویانی به وریایی خسته جانتایه‌کی چه‌رمه‌وه… به بێ ئه‌وه‌ی پێم بڵێت بۆ کوێ ده‌چێت، ده‌رگای حه‌وشه‌ی کرده‌وه و ملی ڕێگای گرت… ئه‌وسا وتم بێگومان ئێواره دوای ئه‌وه‌ی هه‌ندێک سارد ده‌بێته‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه و ورده ورده بیری ده‌چێته‌وه، که‌چی دنیا تاریک داهات و ئه‌و هه‌ر نه‌هاته‌وه… یه‌ک حه‌فته منی له‌ناو ئه‌و هه‌موو ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌دا جێ هێشت و نیوه‌ڕۆیه‌کیان به‌و چرقه‌ی گه‌رمایه به خۆی و جانتا چهرمهکهیهوه له حه‌وشه ده‌رکه‌وت… شهکردانهکهی ده‌رهێنا و پێشانی دام… کاتێ بردیه ناندین و له شوێنی خۆیی دانایه‌وه، پێی وتم:
_ جارێکی تر نه‌خه‌ڵه‌تێیت بیر له شکاندنی شتومه‌کی من بکه‌یته‌وه.
به ده‌نگێکی نزم وتم:
_ خۆ به قه‌ست نهمشکاندووه.
وتی:
_ وس به…!! من شتومه‌کی خۆم چاک ده‌ناسم و که‌مترین گۆڕانکارییان به سه‌ردا بێت، هه‌ستیان پێ ده‌که‌م.
کاتێ من هیچم بۆ نه‌وترا، ئه‌و وتی:
_ ئه‌وه ئیش بوو له‌گه‌ڵ منت کرد…؟! لێره‌وه بردمه به‌غدا و تا کۆنزێرڤاتهر (Conservator)ێکم دۆزیه‌وه و بۆی چاک کردمه‌وه، خه‌ریک بوو چاوم ده‌رده‌هات… ئه‌گه‌ر ده‌زانی چه‌ندم پاره لێ داوه، هه‌ر باوه‌ڕ ناکه‌یت.
یه‌که‌مجارم بوو وشه‌ی (کۆنزێرڤاتهر) ببیستم و بزانم ئه‌و که‌سه پسپۆڕه‌یه، که له مۆزه‌خانه کار ده‌کات و توانای چاککردنه‌وه‌ی شتومه‌کی ئه‌نتیک و گرانبه‌های هه‌یه… له‌مه‌وه بۆم ده‌رکه‌وت، که هه‌ر شتێک پێوه‌ندیی به که‌لوپه‌لی دێرینه‌وه هه‌بێت، ئه‌و دایکه‌ی من سه‌ری لێی ده‌رده‌چێت… له‌مه‌وه خۆیی خانه‌نشین کرد، به‌و مه‌به‌سته‌ی وه‌کو پاسه‌وان به دیار که‌لوپه‌لی ماڵه‌که‌یه‌وه دابنیشێت… ئیتر منیش وازم له‌وه هێنا جارێکی تر به‌م شێوه‌یه بیر له شکاندنیان بکه‌مه‌وه، به‌ڵام ده‌بووایه ڕێگایه‌کی تر بدۆزمه‌وه بۆ گۆڕینی ئه‌و که‌لوپه‌له کۆنانه به هیی نوێ… ڕاستییه‌که‌ی په‌نام بۆ ده‌یان فێڵی دیکه برد و هیچ یه‌کێکیان سه‌ری نه‌گرت… له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی باوکمدا وازم هێنا و وتم بزانم ئه‌و ناتوانێت گۆڕانکارییه‌ک له ماڵه‌که‌دا بکات، به‌ڵام هه‌ر زوو تێگه‌یشتم، که باوکم بێجگه له‌وه‌ی پیر و شه‌که‌ت بووه، هێنده‌ش سه‌ری قاڵه، که ئه‌وه‌ی بیری لێ ناکاته‌وه، گۆڕانکارییه… سه‌ره‌تا ده‌چوو له هاوڕێکانی سه‌رده‌می منداڵی و گه‌نجێتیی خۆی ده‌گه‌ڕا، به‌ڵام نه‌یتوانیی یه‌کێکیشیان بدۆزێته‌وه… هه‌ر زوو بۆی ده‌رکه‌وت، که هه‌ندێکیان مردوون و هه‌ندێکیان سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرتووه… یه‌ک دووانێکیشیان وه‌ک (عادیل ڤۆسکانی) گولله‌ی برایانه‌یان به‌ر که‌وتووه و نه‌ماون… له هه‌موویان زیاتر خه‌می بۆ (ڤۆسکانی) خوارد، چونکه ئه‌و ماوه‌یه‌ی له ده‌ره‌وه بووه، ئه‌و پیاوه زه‌نگینه به‌رده‌وام کتێبی بۆ ناردووه… باوکم له‌مه‌وه کۆڵی دا و بۆی ده‌رکه‌وت، که گه‌ڕان به دوای هاوڕێی کۆندا ته‌نیا ترسێکه له زه‌مه‌ن و خۆدزینه‌وه‌یه‌کی کاتییه له‌و ترسه… ئه‌گه‌رچی دوای ئه‌وه‌ش به پیشه‌ی خۆی به‌یانییان ده‌ڕۆیشت و ئێواران ده‌هاته‌وه، به‌ڵام نه‌یده‌هێشت ئێمه بزانین بۆ کوێ ده‌چێت و له چی ده‌گه‌ڕێت… چه‌ند جارێک سه‌ری بارهگاکانم دا و له هاوڕێکانیم پرسی، ئاخۆ نه‌یاندیوه، به‌ڵام ئه‌وان ده‌یانوت زۆر له‌مێژه ده‌وام ناکات و هیچ ئاگایان له هه‌واڵی نییه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان گله‌ییشیان لێ ده‌کرد و به که‌مته‌رخه‌م و پاسیڤیان ده‌زانی… نه‌خێر، باوکم هه‌رگیز نه‌یده‌ویست پێمان بڵێت ئه‌و ڕۆژه‌ی چۆن به سه‌ر بردووه و چه‌ندی ناخۆشی بینیوه، به‌ڵکو هه‌مووی له یه‌ک دوو دێڕدا کورت ده‌کرده‌وه… بۆ نموونه پێش ئه‌وه‌ی پێڵاوه‌کانی دابکه‌نێت و بێته ژووره‌وه، له هه‌یوان به دایکمی ده‌وت:
_ مرۆڤ لانی که‌م ده‌بێت دوو جار بژیێ، بۆ ئه‌وه‌ی جاری یه‌که‌م هه‌ڵه بکات و….
دایکم ده‌یوت:
_ جاری دووه‌م ڕاستیان بکاته‌وه.
ئه‌و ده‌یوت:
_ نه‌خێر، هه‌مان هه‌ڵه دووباره بکاته‌وه، تاکو نه‌ڵێن ئه‌و هه‌ڵانه‌ی له ده‌ست ده‌رچوون، یان نه‌ڵێن خۆی نه‌یویستووه و پێیان کردووه… له‌م دنیا ئاوه‌ژووه مرۆڤ چۆن ده‌توانێت شتی ڕاست بکات… که‌س له قه‌دپاڵی شاخدا یاریی تێنیسی کردووه نه‌شمان گیان…؟!
ئێواره‌یه‌کیان پێی وت:
_ که‌ر و مرۆڤ ته‌نیا له یه‌ک شت‌دا وه‌کو یه‌ک وان.
دایکم وتی:
_ وه‌کو یه‌ک به سه‌برن و به‌رگه‌ی ماندووێتی ده‌گرن.
ئه‌و وتی:
_ نه‌خێر، له‌وه‌دا وه‌کو یه‌ک وان، که هه‌تا نرخی خۆراکیان گرانتر ببێت، نرخی خۆیان که‌متر ده‌بێته‌وه نهشمێ گیان.
له‌ناکاو وازی له‌و خووهیشی هێنا و زۆر به‌ده‌گمه‌ن ده‌چووه ده‌رێ… ئینجا زیاترین کاتی خۆیی بۆ نووسین ته‌رخان کرد… ویستم بزانم چی ده‌نووسێت، به‌ڵام نه‌متوانی ئه‌و پیتانه بخوێنمه‌وه، که به کاری ده‌هێنان، چونکو شیفره بوون… هه‌ر ده‌توت ئه‌لفوبێیه‌کی تایبه‌ت به خۆیی هه‌یه… به‌رده‌وام کۆمه‌ڵێک پارچه‌کاغه‌زی شێ‌دار و لهتهکارتۆنی ڕزیوم لای ده‌بینی، که ئه‌وانیش هه‌ر به پیتی سه‌یر سه‌یر لێیان نووسرابوو و سه‌رم له‌وانیش ده‌رنه‌ده‌چوو… بۆنێکی زۆر خۆشیشیان لێ ده‌هات و به‌وه‌دا ده‌مزانی له‌ژێر زه‌ویی شێ‌دار هاتوونه‌ته ده‌رێ… وا بۆی ده‌چووم، که ڕۆژی یه‌که‌میش به یارمه‌تیی دایکم زۆری له‌و پارچهکاغهزانه له چاڵه‌که ده‌رهێنابێت… هه‌میشه گوته‌ی ئه‌و پارتیزانه چاوڕهشهشم بیر ده‌هاته‌وه، که له باره‌گا پێی وتم، باوکم به‌رده‌وام ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌کانی یاداشت کردووه و بۆ سێ هاوڕێی نزیکی خۆیی ناردوون، که هه‌ر یه‌که‌یان دانیشتووی (لایه‌ک) بووه… دوای ئه‌وه ئه‌و پیاوه‌م له هیچ شوێنێک نه‌بینیوه و نه‌بینیه‌وه… شتێکی تری باوکم، که ناکرێت باسی نه‌که‌م، ئه‌وه‌یه، که ئه‌و شێتی شیرینی بوو… هه‌رکه چلووره، پهشمهک، عهنبهروهرید و شرووب له کۆڵان بانگ ده‌کرا، ئه‌و ده‌فته‌ره‌کانی جێ ده‌هێشت و ڕای ده‌کرده به‌رده‌رگا… ئه‌و ڕۆژگاره‌ش نه‌ک هه‌ر منداڵ، به‌ڵکو به هۆی بارودۆخه‌که‌وه گه‌وره‌کانیش ڕوویان له فرۆشتنی شیرنه‌مه‌نی کردبوو، چونکه ده‌یانزانی منداڵ وه‌ک گه‌وره نییه گوێ به گرانی و نه‌بوونی بدات و ده‌ست له داوای خۆی هه‌ڵبگرێت… به هه‌رحاڵ ئه‌مه تاقه شتێک بوو بتوانێت باوکم له نووسین دوور بخاته‌وه… وه‌ک منداڵ زمانی پێدا ده‌هێنان و دهیلستنهوه… داری چلوورهکانیشی دهکرماند و چێژی له‌وانیش وه‌رده‌گرت، به‌ڵام کاتێ به دیار سینیی شروبه‌وه داده‌نیشت و په‌نجه‌ی له‌و ئارده وه‌رده‌دا، دیمه‌نێکی تا بڵێی سه‌یری ده‌نواند… دایکم شه‌رم دایده‌گرت و ده‌یهێنایه‌وه… پێشی ده‌وت:
_ ئۆف ڕهمزۆ تۆ ئه‌و هه‌موو ساڵه له‌و شاخانه ددانی خۆتت پاراستووه، به‌ڵام بزانه چۆن به‌م دوادواییهی ته‌مه‌نت به زۆر و زۆرداری دهیانفهوتێنیت…!!
پاشان بۆم ده‌رکه‌وت باوکم هێنده‌ی حه‌زی ده‌کرد شت له‌و ده‌ستفرۆشانه بکڕێت و له کۆڵان وێنه‌ی منداڵ بیانخوات، هێنده ئاره‌زووی له شیرینی نه‌بوو، چونکه دایکم زوو زوو کاسته‌ر و مهحهلهبیی بۆ ده‌کرد و ئه‌م ده‌می لێ نه‌ده‌دان… کاتێ دنیا تاریک داده‌هات و ده‌ستفرۆشه‌کان له کۆڵان ده‌نگیان نه‌ده‌ما، ئه‌م له که‌شوهه‌وایه‌کی هێمندا خه‌ریکی نووسین ده‌بووه‌وه و تا دره‌نگ ده‌ستی هه‌ڵنه‌ده‌گرت… هه‌رچۆنێ بێت باوکم زۆر ماندوو ده‌بوو، بۆیه شه‌وان به بێده‌نگی له‌سه‌ر ئه‌و ته‌ختی نووستنه ته‌خت ده‌بوو، به ڕاده‌یه‌ک باوه‌ڕ ناکه‌م هه‌تا به‌یانی باری خه‌وتنه‌که‌ی گۆڕی بێت، چجای ده‌ستبازیی له‌گه‌ڵ دایکمدا کردبێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌و له پێناوی ئه‌ودا تا بۆی بکرایه جلی که‌شخه‌ی دهپۆشیی، قژی بۆیه ده‌کرد و ماکیاژی به کار ده‌هێنا، به‌و مه‌به‌سته‌ی گه‌نج بێته به‌رچاو و چرچه‌کانی ڕوومه‌ت و چه‌ناگه‌ی بشارێته‌وه… هه‌روه‌ها له‌وه‌شدا درێغی نه‌ده‌کرد، که پروپاگه‌نده بۆ خۆی بکات… بۆ نموونه پێی ده‌وت: ((ژنان پێیان وتووم له‌وه‌ته‌ی مێردت هاتووه‌ته‌وه، گه‌نج بوویته‌وه نه‌شمان))… یان پێی ده‌وت دووکانداره‌کان برۆی لێ هه‌ڵده‌ته‌کێنن و شتی به هه‌رزان پێ ده‌فرۆشن، خۆ ئه‌وه عه‌ره‌بانچییه‌کان هه‌ر نایانه‌وێت پاره‌ی لێ وه‌ربگرن، به‌و بیانووه خۆیانی تێ هه‌ڵده‌سوون و ده‌سته‌کانی ده‌گوشن… جارێکیان گوێم لێ بوو پێی ده‌وت بۆیه هێنده ده‌یویست خانهنیشینییهکهی بۆ ده‌ربهێنێت، به‌و مه‌به‌سته‌ی بتوانێت به عه‌تر و بۆیه‌ی قژ و پێویستییه‌کانی ماکیاژی بدات… (به‌ڵام بۆیان نه‌کرد، ئه‌گه‌رچی چه‌ند ساڵێک له بواری په‌روه‌رده و فێرکردن‌دا خزمه‌تی هه‌بوو… دایکم گوناههکهیشی ده‌خسته ئه‌ستۆی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی هیچ کاتێک به هۆی جیاوازیی بیروباوه‌ڕه‌وه چاره‌ی باوکمی نه‌ویستووه، به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی کوڕه‌که‌ی، که له ئه‌من پله‌ی ئه‌فسه‌ری هه‌بووه، له شه‌ڕێکدا کوژراوه و باوکمی به‌وه تۆمه‌تبار کردووه، گوایه ئه‌و هه‌واڵه‌که‌ی ئاماده کردووه و بۆ ئێستگه‌ی ناردووه… وتوویه‌تی ستایلی نووسینه‌که‌ی ناسیوه‌ته‌وه)… به هه‌رحاڵ دایکم ده‌بووایه به به‌شێک له‌و مانگانه که‌مه‌ی خانهنیشینییهکهی خۆی عه‌تر و بۆیه‌ی قژ و پێویستییه‌کانی ماکیاژ بکڕێت… وه‌ک زانییشم یه‌ک دوو پارچه ئاڵتوونی چاکی بۆ ته‌نگانه هه‌ڵگرتبوون و ئه‌وانیشی هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته فرۆشتن، که ئه‌مه‌یان ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ده‌ستگرتنی بوو به که‌لوپه‌له کۆنه‌کانیه‌وه… له خۆم ڕاده‌بینم بڵێم باوکم بۆ یه‌ک جاریش نه‌یتوانیی له‌گه‌ڵی جووت ببێت، چونکه ئه‌گه‌ر وا بووایه ئه‌و ته‌ختی نووستنه کۆن و داڕووخاوه به جیڕه‌جیڕ دنیای لێ پڕ ده‌کرد و ئه‌وسا بیری له گۆڕینی ده‌کرده‌وه… گه‌یشتمه ئه‌و ڕاستییه‌ی، که ئه‌وانه‌ی ناتوانن جیڕه‌جیڕ له ته‌ختی نووستنهکانیانهوه بهێنن، هه‌رگیز بیر له گۆڕانکاری ناکه‌نه‌وه… ده‌مویست ئێواره‌یه‌کیان له‌سه‌ر شێوازی باوکم ئه‌مه بۆ دایکم له یه‌ک دوو دێڕدا کورت بکه‌مه‌وه و پێی بڵێم:
_ پیاوێک نه‌توانێت جیڕه‌جیڕ له ته‌ختی نووستنه‌که‌یه‌وه بهێنێت،…….
ده‌مزانی ئه‌و ده‌ڵێت:
_ مانای وایه ته‌ختێکی قایم و تۆکمه‌ی هه‌یه و پێویست ناکات بیگۆڕێت.
منیش ده‌موت:
_ نه‌خێر، ئه‌و پیاوه ته‌واو بووه و گۆڕانکاریی پێ ناکرێت نه‌شمه گیان، دایکی شیرینم.
ئه‌و خه‌یاڵانه وایان لێ کردم دیسان بیر له (به‌فرین سالم) بکه‌مه‌وه، که ماوه‌یه‌ک بوو بیرم چوو بووه‌وه، به‌ڵام هاوکات ترسێکیشم له ناخی خۆمدا هه‌ست پێ ده‌کرد… ده‌موت تۆ بڵێی منیش وه‌ک باوکمم به سه‌ر نه‌هاتبێت…!! له خۆمم ده‌پرسی ئایا من ده‌توانم جیڕه‌جیڕ له ته‌ختی نووستنه‌وه بهێنم…؟! هه‌ر کاتێ بمزانیایه ئه‌وان ئاگایان لێم نییه، به تایبه‌تی دایکم، چونکه باوکم هه‌میشه یان به نووسینه‌وه سه‌رقاڵ بوو، یان له کۆڵان شیرنه‌مه‌نیی له ده‌ستفرۆشه‌کان ده‌کڕیی؛ ئه‌وا ده‌چوومه ئه‌و ژووره‌یان و به خه‌یاڵ (به‌فرین سالم)م له‌سه‌ر ئه‌و ته‌خته کۆن و داڕووخاوه و له‌ژێر خۆم پاڵ ده‌خست… ئینجا ههڵمدهگێڕایهوه و ئه‌و ده‌که‌وته سه‌ره‌وه… ئه‌وسا ده‌متوانی جه‌سته‌ی چاکتر ببینم و پتر چێژی لێ وه‌ربگرم… به‌و په‌نجانه‌م شهبزووزمم هه‌ڵده‌په‌ڕاند و گوێم له جیڕه‌جیڕی ته‌خته‌که ده‌گرت… ئه‌و قژه خاوهیم ده‌بینی، که له‌گه‌ڵ تهکانهکاندا وه‌ک کلک و باڵی کۆللاره ده‌له‌رییه‌وه و به‌ر ده‌موچاوم ده‌که‌وت… ده‌گه‌یشتمه لووتکه‌ی چێژ، به‌ڵام نه‌مده‌زانی ئاخۆ حه‌ز ده‌که‌م دایکم بێت و هه‌زار جنێوم پێ بدات، یان به ئه‌سپایی ته‌واوی بکه‌م و بچمه ده‌رێ، چونکه نه‌هاتنی ته‌نیا مانای ئه‌وه‌ی ده‌گه‌یاند، که من نه‌متوانیوه به جیڕه‌جیڕ له خۆمی ئاگادار بکه‌مه‌وه… به هه‌مان شێوه‌ش له‌وه تێنه‌ده‌گه‌یشتم، که من ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵ تهکانهکانمدا ئه‌و ته‌خته وردوخاش بکه‌م، یان نا… هه‌رگیز ڕێک نه‌که‌وت نه جارێک له جاران دایکم به سه‌رمدا بێت و نه ئه‌و ته‌خته‌ش تێک بشکێنم، که ئه‌مه‌ی دواییان هه‌ر ته‌واو ده‌یترساندم، بگره ئازاری ده‌دام… دڵی خۆمم به‌وه ده‌دایه‌وه، که ئه‌گه‌ر به ڕاستی، نه‌وه‌ک به خه‌یاڵ، (به‌فرین سالم)م له‌گه‌ڵ بێت، ئه‌وا بێگومان ته‌ختی داماو لهژێرماندا جیڕه‌جیڕی ده‌گاته ئه‌وسه‌ری گه‌ڕه‌ک و له‌توکوت ده‌بێت… هه‌تا ده‌هات په‌رۆشیم بۆ (به‌فرین سالم) زیاتر ده‌بوو، به‌ڵام هاوکات ده‌ترسام من نه‌توانم ئیتر ئه‌و ڕۆڵه‌ی جاران له‌سه‌ر ته‌ختی نووستن ببینم… هه‌ر ئه‌و ترسه ڕێگای لێ ده‌گرتم بۆی بگه‌ڕێمه‌وه، ئه‌گه‌رچی ده‌مزانی ڕۆژێک هه‌ر دێت بگاته تینم و خۆم له‌و تاقیکردنه‌وه قورس و چاره‌نووسسازه بده‌م… هه‌ر پلانێکم داده‌نا، به هۆی ئه‌و دوودڵی و نیگه‌رانییه‌وه لێم هه‌ڵده‌وه‌شایه‌وه… شتی هاوبه‌ش له هه‌موو پلانه‌کاندا ئه‌وه بوو، که قه‌ناعه‌تی پێ بهێنم بێته ماڵمان و له‌سه‌ر ئه‌و ته‌خته بۆم پاڵ بکه‌وێت، ئه‌گه‌ر شکاندمان، ئه‌وه بمکاته هاوسه‌ری خۆی و کوێی پێ خۆشه، له‌وێ ده‌ژین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆمان نه‌شکا، ئه‌وا…….، ڕاستییه‌که‌ی نه‌مده‌زانی بڵێم ئه‌گه‌ر بۆمان نه‌شکا، چی بکه‌ین، یان ڕاستتر چی بکه‌م، چونکه ئه‌و شکسته دنیای له به‌رچاوم تاریک داده‌هێنا و هه‌ستم ده‌کرد ئیتر من به که‌ڵکی ئه‌وه نامێنم له ئاستی ژن و له‌سه‌ر ته‌ختی نووستن ڕۆڵی پیاو ببینم… ئینجا پێکه‌نینم به ئه‌قڵی خۆم و پلانی ساویلکانهم ده‌هات، به‌وه‌ی له لایه‌ک من هه‌ر مه‌حاڵه بتوانم به ڕاستی (به‌فرین سالم) بهێنمه سه‌ر ئه‌و ته‌ختی نووستنه، مادام ئه‌وان زۆربه‌ی کات له ماڵن و له لایه‌کی تر ئه‌و خه‌یاڵه هیچوپووچه چییه منی به خۆیه‌وه خه‌ریک کردووه… به خۆمم ده‌وت: ((بۆچی ناتوانم ئه‌و ته‌ختی نووستنه له خه‌یاڵم ده‌ربکه‌م…؟!))… نه‌مده‌توانی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌مه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌م ده‌زانی، که له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی باوکمدا ئه‌و هه‌سته یاخه‌ی گرتم و ئۆقره‌ی لێ بڕیم… به بێ ئه‌وه‌ی ئاگام لی بووبێت وه‌ک منداڵ بیرم ده‌کرده‌وه و وه‌ک منداڵیش هه‌ڵسوکه‌وتم ده‌کرد، ئه‌نجام هه‌موو ئه‌و شتانه ئازاریان ده‌دام… پێشتر هه‌رگیز تا ئه‌و ڕاده‌یه من له زه‌مه‌ن نه‌ترسابووم… به‌ڵام بۆچی له‌ناو ئه‌و هه‌موو ژنه‌ی له سه‌رده‌می هه‌رزه‌کاری و گه‌نجێتیمدا ناسیبوومن، ته‌نیا (به‌فرین سالم) توانیی خه‌یاڵم داگیر بکاته‌وه و به‌م شێوه‌یه ته‌فره‌م بدات…؟! چه‌ندی کردم و کۆشام وه‌ڵامێکی دروستم بۆ ئه‌و پرسیاره ده‌ست نه‌که‌وت… گه‌یشتمه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، که هه‌تا بۆ لای نه‌گه‌ڕێمه‌وه و ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵی نه‌دوێم، من هیچی لێ تێناگه‌م، به‌ڵکو هه‌ر ده‌بێت ئاوا له‌ناو خه‌یاڵه‌کانی خۆمدا بتلێمه‌وه… ئه‌رێ ئه‌وه ڕێککه‌وت بوو، که مردنی باوکم که‌وته ئه‌و ڕۆژه‌ی من تێیدا بڕیارم دا به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت (به‌فرین سالم) ببینم…؟! گه‌رمترین ڕۆژی هاوین بوو… نازانم کام له هاوڕێکانی ڕۆژانی زانکۆمه وتوویه‌تی: ((هه‌موو مانگه‌کان به مردنی ئاسایی ده‌مرن، ته‌نیا ئۆگۆست نه‌بێت، که پڕ ده‌بێت، ده‌ته‌قێته‌وه و به پڕیشکه‌کانی دنیا له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌سووتێنێت))… باوه‌ڕ ناکه‌م دایکم وته‌ی ئه‌و هاوڕێیه‌می بیستبێت، که‌چی چه‌ند جارێک گوێم لێ بوو له‌سه‌ر ته‌رمی باوکم وتی: ((ڤیان کانوونی دووه‌می به مه‌رگی خۆی پڕ کرده‌وه و تۆش ئاب ڕهمزۆ… ئه‌و له ساردترین ڕۆژی زستاندا جێی هێشتین و تۆ له گه‌رمترین ڕۆژی هاویندا ئه‌یڕۆ))… دایکم ئه‌وسا هۆکاری مردنی باوکمی ده‌خسته ئه‌ستۆی ئه‌و دهستفرۆشانهی له کۆڵان شیرنه‌مه‌نییان ده‌گێڕا، به‌ڵام ئه‌مه‌ی ته‌نیا به من ده‌گوت… ئه‌و نه‌یده‌ویست له‌باره‌ی مه‌رگی
ئه‌لفوبێی باڵدار
اترك تعليقا