فرمێسك

latifa_aldlimy
فرمێسك
 
پیاوان ناگرین …
دەڵێن … فرمێسکیان زێڕینە …
کەچی من ، هەموو ڕۆژ دەگریم …
هەندێ جار بە نهێنێ لە کانگای دڵمەوە …
ویژدانم دەسوتێ وەك بورکانێکی خەوتوو…
هەندێ جاریش زۆر بە ئاشکرا …
فرمێسك دێتە خوار لە چاوەکانم وەكو شاڵاو …
کەواتە من …
دەوڵەمەندترین پیاوی ئەم جیهانەم …
کەواتە من …
دواترین دەروازە و ناوونیشانی خەمم …
من دەگریم …
بۆ ڕۆژگارێکی تاڵ ڕابردوویەکی جوانم بەبیر دێنێتەوە
من دەگریم …
بۆ گوڵێکی نامۆ لە ناو پەنجەکانی شەیتان ڕواوە …
دەگریم …
بۆ ئەو لێوە خەمناکانەی هێشتا تامی خەندەیان نەچەشتووە …
دەگریم …
بۆ ئەو گوێچکە کەڕانەی بە بەڵێنی درۆ هەڵخەڵەتاون …
شەرم نی یە … من دەگریم …
جەرگو دڵم دەسووتێنم …
بۆ قوڕێك لە خۆڵ و خوێن ئەنجام دراوە …
بۆ نانێکی حەڵاڵ حەرامی لەگەڵ تێکەڵ کراوە …
بۆ ئەو لاشە مردوانەی لێژمەی باران بەسەریان دەبارێ …
من دەگریم …
بۆ مرۆڤایەتیەکی مردوو …
بۆ ویژدانێکی یاخی …
بۆ دەست و پەنجە نەرم و بچوکەکان ، گیرۆدەی بژێوی ژیانن …
من دەگریم …
بۆ ڕاستیێکی وون بوو …
بۆ متمانەیەکی درۆ …
بۆ نیشتمانێکی دوور ، بۆنی مردنی لێ دێت …
شەرم نی یە … من دەگریم …
جەرگو دڵم دەسووتێنم …
بۆ تەمەنێکی کوژاوە وەکو خەونێکی لەناکاو …
بۆ جەنگێك ، خەڵوزەکەی ئێسقانی مرۆڤە …
بۆ ئاشتیەکی درۆ ، نڕخەکەی مردن و مەینەتی یە…
من دەگریم …
بۆ قەدەرێکی تاڵ …
بۆ خەمێکی داهاتوو …
دەگریم …
تا فرمێسکەکانم دەبنە مایەی …
خنکاندنی ویژدانە مردووەکان ، کەوا گەوز دەدەن …
دەگریم …
تا بە فرمێسکەکانم خۆر دەشۆرێ …
سەر لەنوێ هەڵدێتەوە پاك و بێ گەرد …
شەرم نی یە … من دەگریم ..
جەرگو دڵم دەسووتێنم …
دەگریم …
تا کۆتا دڵۆپەی فرمێسك …
دەگریم …
تا هەورە ڕەشەکانی ئاسمان وون دەبن …
دەگریم …
دەگریم …
هیچ شەرمی تیا نی یە …
من دەگریم …
 
 
آزاد ترزي

نبذة عن الكاتب

مقالات ذات صله

الرد