ڕاپۆرتە هەواڵ شيعرو شيوه كارى

سروەی بەیان
ڕاپۆرتە هەواڵ
شيعرو شيوه كارى
 
چالاکییەک بووە مایەی ئاوێتەبوونی هونەری شێوەکاری و شیعر لە موتیفێکدا
لە ٢٠٢٠/٩/٥ هونەرمەندی شێوەکاری بەتوانا محەمەد ئیسماعیل لە لاپەڕەکەی خۆی لەفەیسبووک لە پێشبڕکێیەکی شیعریدا لەسەر موتیفێک
توانی زیاتر لەپەنجا شاعیری خاوەن ئەزموون و خامەی جواننووس کۆکاتەوە بۆ نووسینی دەقەکانیان .
هەر لەسەر ئەو بابەتە محەمەد ئیسماعیلی شێوەکار دەڵێ :::
 
بیرۆکەی ئەم جوڵانەوە ئەدەبی و ھونەرییەم ئەوەبوو بیرم لەوەکردەوە کە ھەموو کات شاعیران و نووسەران داوای مۆتێڤ لە شێوەکاران دەکەن! گوتم با من ئەوجارەیان داوای شیعر بۆ مۆتیڤ بکەم بزانم کام شاعیر بەتوانایە و دەتوانێت پڕ بە پێستی مۆتیڤەکە شیعر بنووسێت!؟
لەھەمان کاتدا ئەم بیرۆکەیە بۆ ئەوەبوو من و ئەو ھاوڕێیانەی کە بە شیعر بەشداریان کرد، ھەریەکەمان لە وڵاتێک و لە شارێکی جیا جیادا، ویستم لەسەر بابەتێک بیرو ئیحساسیان لەیەک نزیک بکەمەوە، ویستم بزانم دەکرێ مۆتیڤێکی ساکار ببێتە ھۆکارێک لەناو دەیان شیعردا خۆی ببینێتەوە و کەسێک داھێنان دروست بکات؟! ئەوەیە ویستم جوڵەیەکی تازە دروست بکەم تایبەت بەھونەری شێوەکاری و شیعر لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە …
ئەم جۆرە چالاکییە ئاوێتەبوونی دوو بەهرەی تێدا بەدیدەکرێ بەهرەی شێوەکاری و نەخشاندن لەگەڵ بەهرەو سەلیقەی هۆنراوە نووسین، کە بووە مایەی جوڵەیەکی هونەری و ئەدەبی، زیاتر لە پەنجا شاعیرو خاوەن خامەی جوان تێیدا بەشدارببن …
هیواخوازم ئەم چالاکییەمان ببێتە مایەی سەرنج و ڕاوبۆچوونی گشتی و ئەم هەڵوێستە لەداهاتوودا گرنگی زۆری پێبدرێ و ببێتە دەسپێک بۆ داهێنانی شێوازی جوانتر .
ئەنجامەکەی بەبریاری لێژنەیەکی پێنج کەسی دەرچوو کە پێکھاتبوون لە بەڕێزان :::
 
دکتور مەولود ئیبراھیم،
دکتور عەبدوڵا رەحمان،
مامۆستا جوانە کاکەیی،
مامۆستا سالار کۆشار،
مامۆستا دەشتی سلێمان.
براوەی یەکەمی ئەم پێشبرکێیە لە دووای بریاری لێژنەو کۆکردنەوەی نمرەکان
بەڕێز (سروەی بەیان) دەرچوو بە یەکەم، پیرۆزبایی لێدەکەم.
براوەی دووەم بەڕێزان (کەژاڵ نوری و سەردەشت حەمە ساڵح)
براوەی سێیەم بەڕێز ( ئاواز سامان)
پیرۆزە لەهەمووان
سوپاسی یەکە بەیەکەی بەشداربوانی ئەم جوڵانەوە ھونەری و ئەدەبییە دەکەم.
بەڕێزانی لیژنە ماوەی سێ ڕوژ خەریکبوون بە تاوتوێ و هەڵسەنگاندن تا بەویژدانێکی ئاسوودە بریاری خۆیان بدەن بۆ ھەڵبژاردنی شیعرەکان، لێرەوە زۆر سوپاسیان دەکەم بۆ ئەرک و ماندوبوونیان.
ئەوەی جێی سەرنجە کە ڕۆڵی نووسینی ژنان زۆر بەرچاوبوو لەم پێشبرکێیەدا .. کە سێ ژن براوەی یەکەم دووەم و سێیەم بوون …
 
تێبینی⁄⁄ خەڵاتی براوەی یەکەمی ئەم پێشبڕکێیە پۆرترێتێکی ھێڵکاریە بەم زوانە بۆی دروست دەکەم.
 
ئەوەش دەقی براوەی شیعرەکەی خاتوو سروەی بەیان٭ ە:
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
 
دڵێک لەشووشە٭
 
دڵێکم دەوێ …
شووشە ئاسا بێ
پێکی لێوی مەست و خوماربێ
لە ئینجانەی دڵ
دڵۆپ .. دڵۆپ
شەرابی عەشق هەڵێنجێ
چۆڕاوگەی خوێنی سوور
بەخامەی دەستڕەنگینێک
ڕەنگکرابێ
تابلۆی عیشق بنەخشێنێ
دڵێکم دەوێ …
لە چاوی کانی ڕوونتر بێ
پاک و بێگەرد
چاوگەی میهرەبانیبێ
وێنەی دڵی دایکە میهرەبانەکەم بێ،
بۆ خۆڕاگری و ئازادی
وەک پۆڵا بێ
لە ئاواتە سپییەکانی
دەروونی باوکم بچێ،
بۆ عیشق و ئەوین
ئارامی و لانەی خۆشبەختی بێ
بە نیازی ژوان و دیدارێ
تاسەی دووری بشکێنێ
بە زمانی دڵ
هێماو ڕازەکان بدرکێنێ،
دڵێک ناسک، شووشەیی بێ،
من کە دڵم لەشووشەیە
بۆ ئەوەیە
تۆ بەڕوونی چاوی قرژاڵ
عیشقی خۆتی تیا ببینی .

نبذة عن الكاتب

مقالات ذات صله

الرد