تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟ و دەبێت حکومەتی ھەرێم چۆن چارەسەریی بکات؟

د. آزاد عثمان

د. آزاد عثمان

 

کە «پەناگەی ئارام – safe haven» لە سالی ١٩٩١ لە بەشێکی گەورەی کوردستانی باشوور لە لایەن ھاوپەیمانانی جەنگی دووەمی کەنداو دامەزرێندرا، رژێمی بەعس سوپا و ئەمن و ئیدارەی لێ کشاندەوە، بەمەش بۆشاییەکی ئیداری و ئاسایشی
لەو دەڤەرە پەیداکرد؛ لە سالی ١٩٩٢ ناوچەکەی «پەناگەکە»، لە رێگەی ھەلبژاردنی پەرلەمانەوە، بە ھاوکاریی و ھەماھەنگیی لەگەل ھاوپەیمانان و نەتەوەیەکگرتووەکان، بەشێوەی (de facto)بوو بە «ھەرێمی کوردستان-عیراق»؛ سەرەتا لە رێگەی یارمەتی رێکخراوە نێودەولەتییەکان یارمەتی ماددی و مەعنەوی بۆ دابین کرا، پاشان لە سالی١٩٩٧ پشکێک لە پارەی داھاتی نەفتی عیراق، (١٣٪؜)ی، بۆ دیاریکرا وەک بودجە، کە لە سایەی پرۆگرامی (نەفت بەرامبەر خۆراک و دەرمان) بە سندوقێکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بانکێکی فەرەنسی (Banque de France) دانرا دابین کرا؛
لەپاش روخاندنی رژێمی بەعس لە سالی ٢٠٠٣ لە لایەن ھاوپەیمانان و دامەزراندنی ئەنجومەنی حوکم، پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی عیراق – بە سازان (توافق) بە (١٧٪؜) خەملێندرا – تا سەرژمێریی سەرتاسەری عیراق ئەنجام دەدرێت -کە دەبوایە لە ٢٠١٠ جێبەجێ بکرابوایە! لە کۆتایی سالی ٢٠٠٥ یشەوە، بە پێی دەستووری عیراق ھەرێمی کوردستان، بە ھەر سێ دەسەلاتەکانییەوە، بە شێوەیەکی یاسایی (de jure) وەک ھەرێمێکی دەولەتی عیراقی فیدرالی دانی پێدانرا و چەسپا.
ئەمریکا جگە لە دەوری گرنگی لە دەرچواندنی بریاری ژمارە ٦٨٨ ی ئەنجومەنی ئاسایشی (UN) کە کرایە بناخەی یاسایی نێودەولەتیی بۆ دامەزراندنی پەناگەی ئارام، دەوری سەرەکیشی ھەبوو لە ئەنجامدانی ھەلبژاردنی ١٩٩٢ کە بووە ھۆی دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان (ھەرچەندە تورکیا و ئیران زۆر بە توندی دژی ڕاوەستان)؛
لە راوەستاندنی شەڕی ناوخۆش لە نێوان حزبەکان، شەڕێک کە خەریک بوو لە نێوان سالانی ١٩٩٤-١٩٩٧ ھەموو «کوردستانی ئازاد» بسوتێنێت و خەبات و قوربانیی و ڕەنجی دەیان ساڵی گەلی کورد بەھەدەر بدات!ئەمریکا سەرکردایەتی ھەردوو حزبی گەورە و دەسەلاتداری بە رێکەوتنی ئاشتی ١٩٩٨ لە واشنتۆن پێکھێناوە؛
ھەروەھا ئەمریکا دەوری بنەڕەتیی ھەبوو
لە دەرچواندنی «یاسای ئیدارەی دەولەتی عیراق بۆ قۆناخی گواستنەوە» لە سالی ٢٠٠٤، کە وەک دەستورێکی کاتی و نەخشە رێگەی پرۆسەی سیاسی لە عیراق پەیرەو پیادە کرا. لەسالی ٢٠٠٥ یش ئەمریکا دەورێکی گرنگی ھەبوو لە نووسینی دەستوری عیراق و چەسپاندنی پرینسیپی فیدرالی، و ماددەی ١٤٠ ی تایبەت بە یەکلاکردنەوەی گرفتی «ناوچە دابڕێندرا و کێشەلەسەرەکان»، و زۆر لە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی گشت ھاولاتیانی سەرانسەری عیراق، پاشان لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی چەسپاندنی دەستوور و ئەنجامدانی ھەلبژاردنەکانی پاشتریش بۆ دامەزراندنی حکومەتەکانی عیراقی نوێ ئەمریکا دەوری بنەرەتیی ھەبوو؛
لە شەڕی داعشیش ئەمریکا دەوری سەرەکیی ھەبوو لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەولەتیی بۆ بەزاندن و لەناوبردنی. بێگومان ئەمریکا ئەم کارانەی لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندی خۆیشی لە عیراق و رۆژھەلاتی ناوەراست کرد، ھاوکاریی بۆ بەرژەوەندی ھاوبەشیش پرینسیپێکی باو و ئاساییە لە پەیوەندی نێودەولەتیی. ئەم رووداوانە و دەرەنجامەکانیان واقیعن و حاشایان لێناکرێت، بەلام سیاسەت دانایی ودووربینیی پێدەوێت و پەیوەندی نێودەولەتییش پسپۆریی وستراتیجیی و ڕاوێژی گونجاوی پێویستە.
لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ئەمریکا (ئیدارەی ترامپ) وەک پێویست تەنگژەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی، کە بووە تەنگژەیەکی نێودەولەتیی، باش ئیدارە نەکرد – چونکە دەیتوانی نەھێلێت حکومەتی عبادی ھێرش بکاتە سەر پارێزگای کەرکوک و ناوچە دابرێندراو و کێشەلەسەرەکانی دیکە و بە شەڕ و لە پەلامارێکی ھەموو ھێزە چەکدارەکانی عیراق و حەشدی شەعبی (شیعی) و بە ھاوکاریی و ھەماھەنگیی لە گەل حکومەتەکانی ئیران و تورکیا، پاش ٣ سال لە بەرگری لێکردن لێیان و پاراستنیان بە خوێن و شەونخونی پێشمەرگە، دیسان داگیریان بکاتەوە! بەلام ھەر ئەمریکاش بوو نەیھێشت ھێرشەکە زیاتر بەردەوام بێت و فراوانتر بێت بۆ سەر ناوچەکانی ژێردەسەلات و سەر بە ئیدارەی حکومەتی ھەرێم، و نەیھێشت حکومەتی عبادی لە دەستدرێژییەکەی دا فرۆکەی جەنگی بەکاربھێنێت، و رایگەیاند کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە دەسەلاتی بەسەر ھەرێم، وبەردەوامیی دا بە دانی مووچەی پێشمەرگە تا ئێستا – بێ گومان بەرگرییە قارەمانانەکەی پێشمەرگەش لە پردێ و دەشتی نەینەوا رۆلێکی شەرەفمەندانە و کاریگەرییەکی بەرچاویان ھەبوو، و دیارە کە رۆلی ئیدارەی ترامپ لەم کارەساتە لە پێشان نەرێنیی و لە دوایی دا ئەرێنیی بوو، ئەمەش واقیعە و ئاشکرایە؛
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دارایی ھەرێم و حکومەتی عیراق، لە سالی ٢٠١٩ جارێکی دیکە بە پالپشتیی ئەمریکاش ھەردوو حکومەتی ئیتیحادی عیراقی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان گەیشتنە رێکەوتنێک، کە ھەرێم رۆژانە ٢٥٠٠٠٠ بەرمیل نەفت لە رێگەی سۆمۆ وە ھەناردە بکات و داھاتەکەی بۆ بودجەی گشتیی عیراق بێت، لە بەرامبەردا حکومەتی ئیتیحادی مووچەی کارمەندانی ھەرێمی کوردستان بنێرێت. دەبوایە ئەم رێکەوتنە لە ١ / ١ / ٢٠٢٠ وە جێبەجێ بکرابوایە. کەواتە حکومەتی ئەمریکا دەوریشی ھەبوو لە رێکەوتنی نێوان حکومەتی عادل عبدالمھدی و حکومەتی ھەرێم لە سالی ٢٠١٩.
ئێستاش کە حکومەتی عیراق کارکردنی بەم رێکەوتنە ڕاگرت، بە ھۆکاری یان پاساوی دواکەوتنی ھەرێم لە دانی بڕە نەفتی دیاریکراو بۆسۆمۆ بۆ ماوەی نزیکەی چوار مانگ، لەم بروایەم کە ئەمریکا دیسان رۆلی ناوبژیکار ببینێت، چونکە ھێشتا بەرژەوەندی ویش وا پێویست دەکات، ھەرچەندە کارەساتی کۆڕۆنا ئێستا و پاش کۆتایی ھاتنیشی زۆر حیساب و رێکار و پلان و سیاسەت دەگۆڕێت، بەلام مادام ئەم بریارەی حکومەتی ئیتیحادی سەبارەت بە ڕاگرتنی ناردنی مووچەی کارمەندانی ھەرێم، پەیوەندی بە ھەلوێستی ھەرێم لە بارەی دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکاش لە عیراق، و بە دانانی راکێتی پاتریۆت لە ھەولێر ھەیە، و پەیوەندی بە فشارەکانی حکومەتی ئیران و سەرکردایەتی کوتلە شیعییەکانیشەوە ھەیە، لەو بڕوایەم ئەمریکا ھەولێک لەم بارەیەوە لە گەل ھەر دوو حکومەتی ئیتیحادی عیراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بدات بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێک یان دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ ئەم تەنگژە داراییە موزمینە.
بەلام گرنگتر لەم ئەگەرە ئەوەیە: کە حکومەتی ھەرێم بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم تەنگژە داراییە گەورەیە و لەم ڕەوشە ئالۆز و سەختە دا پلانێکی جێگرەوەی گونجاوی ھەبێت. دوو کلیلی سەرەکیی چارەسەریش بریتین لە: چارەسەریی ڕیشەیی کێشەی نەفتی ھەرێمی کوردستان، و ڕاگرتنی ھاوسەنگیی دیپلۆماسیی و بێلایەنیی لە پەیوەندیی دەرەکیی لە نێوان ئەمریکا و ئیران (چونکە ئیران دەولەتێکی زلھێزی ناوچەکەیە، دراوسێیە و سنوورێکی درێژ و پەیوەندیییەکی ئابووری گرنگی لەگەل ھەرێم ھەیە، پارچەیەکی گەورەی کوردستانیش کەوتووەتە ئەو دەولەتە و ھەژموونی دیاریشی لەسەر عیراق ھەیە).
لە ڕاستی دا دەبێت حکومەتی ھەرێم ھەمیشە پلانی کورتخایەن (ئەجیندای کاروبار) و پلانی درێژخایەنی (ستراتیجیی) ھەبێت، کە بەلای کەم دوو سیناریۆ یان پلان A و پلان B لەخۆ بگرێت، ئەگەر نا، وەک پێشینان گوتویانە: «ئەوەی چاوی لە دەرە، قوڕی بەسەرە».
ھیوادارم خەلکی خۆڕاگری ھەرێمی کوردستان کارەساتی کۆڕۆنا بە سەلامەتی تێپەڕێنن، و سەبارەت بە تەنگژەی دارایی سەرلەنوێش حکومەتی ھەرێم بتوانێت تەنگژەکە ئەمجارە بە شێوەیەکی واقیعیی، و لەسایەی تەبایی سیاسی و متمانە و ھاوکاریی ھاولاتیان (کە دوو مەرجی سەرەکیی سەرکەوتنن) و بە ھاوکاریی پسپۆرانی شارەزا و پاک و جەریئی ئابووریی و پەێوەندیی نێودەولەتیی و یاسایی و لەشکریی، و بە ھەماھەنگیی لە گەل دۆستانی نێودەولەتیی چارەسەر بکات، چونکە ڕاگەیاندنی رەسمی حکومەتی ئیتیحادی سەبارەت بە ڕاگرتنی ناردنی مووچە و سڕکردنی بودجە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان: ھەڕەشەیەکی جیددییە لە بارودۆخی دارایی و سیاسیی ھەرێم، واتە لە بژێوی ژیان و ڕەوشی گوزەرانی ھاولاتیان و لە ئاییندەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان

نبذة عن الكاتب

مقالات ذات صله

الرد