ئەو کەسەی بێ کەس نیە و خانە خەراپ


كولي دايه

ئەو کەسەی بێ کەس نیە و خانە خەراپ
دەك بە ژاری ماری بێ بادە و شەراب

ئەو کەسەی نەیچێشتوە دەردی ژیان
ئەو کەسەی نەیدیوە ئێش و برک و ژان

ئەو کەسەی نەکرا نیشانەی تیری خەم
شانی دانەخزا لەبن باری ستەم!

ئەو کەسەی هەستی بە زۆرداری نەکرد
تیخی زۆرداری برینداری نەکرد!

ئەو کەسەی دەستی لە ئەوکێ بەردرا
ئەو کەسەی دوژمن لە ماڵی دەرکرا!

ئەو کەسەی نەیبینی هاتی دوژمنی
نیری یەخسیری لە ئەستۆ داڕنی

ئەو کەسەی هێندە نەبوو زویر و زگار
وا نەکەوتە بەر چەپۆکی ڕۆژگار

ئەو کەسەی نەیهاڕی بەرداشی زەمان
ئەو کەسەی زیڕەی نەگەییە ئاسمان

ئەو کەسەی دوری ئەزیزانی نەدی
تیر و تانەی بێ تەمیزانی نەدی

تۆزی بەدبەختی لەسەر شانی نەنیشت
لێی نەگیرا دەور و پشت و چوار تەنیشت

ئەو کەسەی خواردی و لە بن سێبەر کەوت
شەو لەبۆ کەیفێ لە ماڵێ دەرکەوت!

بۆ دەبێ بێت و بکا مەیخانە تەنگ؟!
شوێنی دیکە زۆرە بۆ گاڵتە و جەفەنگ..

ئەو کەسەی ڕاوی نەنێن لێرە و لەوێ
ئەو کوڕەی ماچی کچانی دەس کەوێ

ئەو کوڕەی هێشتا لە ژوانێ ڕێی هەیە
سەیرە زۆر سەیرە، کە ئالودەی مەیە

ئەو کوڕەی دۆی داوەتی دەستی دەنێ
بێتە ئێرە، چۆنە هەی دێی ناکەنێ!

ئەو کەسەی دەستی لە مەمکان گیر ببێ
ئەو کەسەی تفڵی دڵی بۆ ژیر ببێ!

ئەو کوڕەی کیژێك بەرەو ڕووی پێکەنێ
ئەو کەسەی هەر سورە ئاوڕێکی دەنێ!

ئەو کەسەی پەنجۆڵە بگوشێ جار و بار
ئەو کەسەیدەست بگاتە گەردنی یار

ئەو کەسەی ڕاموسێ کوڵمی تاس و لووس
ئەو کەسەی تێی هەڵنەدابێ چارەنووس

ئەو کەسەی بمژێ خوناوەی گەردەنێ
کوفرە یەك قەترە شەرابی گەر دەنێ!

ئەو کەسەی ئاسودە و خۆش ڕایبوارد
قەت خەمی یەخسیر و کۆیلانی نەخوارد

یەک لە ماڵێ چاوەڕێی بووبێ بێتەوە
دەرکی نێو ماڵێکی لێ بکرێتەوە

خەم ڕەوێنێک گوێ بداتە رازی ئەو
نازەنینێک بێ بشکێنێ نازی ئەو!

بگرێ پەنجەی نەرم و نۆڵی ناسکێ
بۆی کرابێتە سەرینێ، باسکێ

هەیبێ هێز و گورد و تین و تاو و گوڕ
ڕۆژگاری ڕەش نەبێ، بەختی مگوڕ

ئەو کەسە جیگای لە مەیخانە نیە
ئەو کەسە بادە و شەرابی بۆ چی یە؟!

نبذة عن الكاتب

مقالات ذات صله

الرد