خوێندنەوەیەك بۆ غەزەلێكی حەریقی شاعیر



نەوزاد كەلهور

مامی تەمامە، ماهی تەمامم نەدیوە من

ئیشی تەمامە حەیفی كە جێگەم نەدیوە من

هەروەك بەدری هیلال لەبەر جەوری پەرچەمی

چاوی ئەزانێ، شاهیدە قەدم چەمیوە من

بۆ رۆژی عازری وەكو رۆژت گوڵی كەرەم

شەمسی جەمالت لە تەلعەتی تۆم قەد نەدیوە من

لەعلی یەمانی و حەلقەی مەرجانی یا عەقد

ئەشك لەلالەی مەردەمی دیدەم چەكیوە من

خالی دەمێكە خەیالم لە خالی رووی

مەنعم مەكەن لە پەردەی عارم دریوە من

فەسلی خەزانە و وەختی خەزان بەسەر رەوا

سەرمای ساردی میهری یارم جێهێشتووە من

گەرچە زولفت خەزانە بۆ وەرەقی سەبزی سەر رەزان

زانیم كە حوجرە ساردە تفاقم كریوە من

لەو وەختەوە لە خزمەتی تۆ پێم بریوە من

وەك من بەشاشیت و رەنگ بریوە من

من پر دەكەم تەنووری موحبەت لە ناری شەوقی

تۆش ئاشی لێ بنێ كە دڵم دەرپەریوە من

فەرمووی وەرە كە خۆشی غەزەل لە دەم و لیوت

جەرگ و دڵم بەناری موحیبەت كۆلیوە من

یار دەڵێی مانگی چواردە شەوە هێندە جوانە و دەدرەوشێتەوە ئەوە بۆ مانگێك دەچێت ئەو مانگەم نەدیوە هەروەكو چۆن مانگ گەیشتە چواردە شەو هەموو ئیش و كارەكانی تەواو دەبێت ئیشی ئەویش تەواوە، بەڵام سەد حەیف و مەخابن كە جێگا و رێگای ئەو مانگەم نەدیوە. مانگی یەك شەوە وەكو دەمی داس وایە و چەماوەتەوە، منیش هەروەكو مانگی یەك شەوە پشتم چەماوەتەوە، ئەویش لەبەر زوڵم و ستەمی پەرچەمی كە ئەزیەت و ئازارێكی زۆرم دەدات، چاوەكانیشی باش ئەوە دەزانن و شاهیدن لەسەر ئەوەی باڵام چەماوەتەوە، ئەو رۆژەی كە روخسارت پیشاندا كە هەر دەتگوت گوڵە و كەرەمت كرد، جا لەو رۆژەوە جوانی تۆ وەكو رۆژ دەدرەوشێتەوە، جا لەبەر تیشكی جوانیت قەدەغەی بینینی رۆژم لێدەكات، لێوی جوانی یار دەڵێ لەعلی یەمەنەو هەروەها زنجیر و ملوانكەی گەردەنی ملی هەروەكو مەرجانە ئەوانە وایان كردووە فرمێسك لە چاوانم قەتیس بمێنێ و نەیەنە خوارەوە. دەمێكە خەیاڵم لەلای رووی نەماوە بۆیە قەدەغەم مەكەن كە من پەردەی شەرمم دریوە و بێشەرمانە قسە دەكەم. ئێستا وەرزی هەڵوەرینی گەڵاكانە واتە لێكدابڕانی خۆشەویستان لەگەڵ یار و ئەو یارەی باڵای بەرزە و جوان دەڕوات لە رۆیشتندا، بەڵام یار لەگەڵمدا ساردە، بۆیە ئەم ساردە یار هەیەتی لەگەڵمدا بۆتە دووری لە سۆز و میهرەبانی و وای كردووە بەجێی بهێڵم. هەرچەندە لوتفی لێك دابڕانە و حەز دەكەی وازم لێبهێنێ هەروەكو چۆن لە وەرزی خەزان گەڵا لە دارهەڵدەوەرێ بەوەش هەستم بەوە كرد كە حوجرە ساردە بۆیە كەلوپەلم كری. لەو كاتەی لە خزمەت تۆدا پێم بڕیوە و هاتوچۆت ناكەم لە بەهرە و میهرت بێبەش بویمە، تۆش وەكو من خەفەتباری و هەرچی رەنگ هەیە لە روخسارت بڕیوم و رەنگم تێدا نەماوە لە تاو دووریت. من دڵم پڕ دەكەم لە تەندوری خۆشەویستی، تۆش بە ئاگری بڵێسەدارت چێشتێك لێ بنێ و وا دڵم تەقی. فەرمووی وەرە بەو خۆشیەی كە قسە لە دەم و لێوت دەبارێ و بەو قسە خۆشانەت وا جەرگ و دڵم دەكوڵێ بە خۆشەویستی كوڵاوە.

فەرهەنگوك:

ماھ : مانگ، بەدری هیلال، مانگی یەكشەوە.

جەور: زولم و ستەم.

عارز: پیشاندان.

تەلعەت: دەركەوتن.

لەعلی یەمانی: مەبەست جوانی لێوی یارە.

عەقد: ملوانكە.

عار: شەرم.

وەرەق: گەڵا.

نار: ئاگر.

ئاش: چێشت.

ناری موحیبەت: ئاگری خۆشەویستی.

نبذة عن الكاتب

مقالات ذات صله

الرد