تەنھا وشەیەک بەس بوو!

 ‌ دلاوەر قەرەداغی‌

یەک وشە بەس بوو
بەس بوو تەنھا وشەیەک
وشەیەکی چەند پیتیی سادە

وشەیەک بریتیی لە تەنھا سێ پیتی بێدەنگ و
تاقە یەک پیتی دەنگدار

تەنھا یەک وشە بەس بوو
وشەیەکی ھاکەزایی
بە ھەر زوبانێکی دونیا
وشەیەک بەس بوو …. تەنھا وشەیەک
بەو زوبانەی کە تۆ و چۆلەکە و بۆق و درەخت و
مارماسی پێی ئەدوێن

وشەیەک بەس بوو
وشەیەکی نیوە سڕدراوەی
بە دەسخەتێکی شکستە نووسراو
کە ئێواران لەسەر
تەختەڕەشی پۆلێکی غەمگین جێدەمێنێ
وشەیەک ھێند سادە کە مرۆڤ
بە چپە نەبێ
ھەر بێزیشی نایە بیپەیڤێ!

وشەیەک بەس بوو
وشەیەک ھێند ئاسان
کە ماناکەی لە ھەموو قاموسێکی دونیادا
ھەمان شتە
وشەیەک ھێند خاکەڕا
کە لە دەرگەی دەزگا و کۆمپانیا و زانکۆکان
نایکەنە ژوورەوە
وشەیەک ھێند گوناە
کە ھیچ پێگەیەکی نییە لە ئیعرابدا

وشەیەک بەس بوو
بەس بوو تەنھا وشەیەک
تا جانتا ھەڵگرم و بۆ ئەبەد بڕۆم
یان بۆ ھیچ کوێ نەچم و تا ئەبەد لێرە بم
وشەیەک بەس بوو
تا ماوم لە سەفەردا بم
یاخود تا ماوم
قاییل و شوکرانەبژێر و ئازاد
لەناو قەفەسێکدا دانیشم!

وشەیەک بەس بوو
وشەیەک ھێند بچووک
کە ھەموو کەس ئەیڵێ
بەڵام کەس گۆی ناکا
بەس بوو تاقە وشەیەک
وشەیەک ھێند مناڵ
کە ھەمیشە لەڕستەدا
ئەبێ بەژێر دەست و قاچی ئاوەڵناوی
چوارشانە و تێکسمڕاو و قەڵەوەوە!

وشەیەک بەس بوو
وشەیەک ھێندە ورد
کە لەقسەدا ون ئەبێ ئیتر نادۆزرێتەوە
وشەیەک ھێند سرک
کە گەردانەی ریتم ئەپچڕێ
ئیدی خەلەلێک ئەخاتە رستە
شیرازەی مانا تێکئەدا و
بە کەس کەس ناھۆنرێتەوە!

وشەیەک بەس بوو
وشەیەک لە دەرەوەی لەھجە
لەدەرەوەی ریتۆریک
لەدەرەوەی میرنشینەکان
لەدەرەوەی دروشم و ھوتاف و ھەراوزەنا و
پەیڕەو و پرۆگرام
لەدەرەوەی غەمی ستانداردکردنی زوبانێکی
وەک ئاردی ناو دڕک
پەرش و بڵاو!

وشەیەک بەس بوو
تەنھا وشەیەک
وشەیەک نیگەران
وەک دڵۆپەی ئاو
وشەیەک خۆش
وەک ناوی بچوککراوەی تۆ و مێوژ و زیکزیکە و
ژیژک و بەرسیلە و باران
وشەیەک بەس بوو
وشەیەک کە بە دەنگی بەرز
ناگوترێ
بەس بوو تاقە وشەیەک
وشەیەک کە لە قەرەباڵخییەکاندا نابیسترێ

وشەیەک بەس بوو
وشەیەک غەمگین
کە نە دەبێتە فەرمانی یاریدەدەر و
نە ناوی بکەر و
نە دەشکەوێتە پێش و دوای ئامرازی پەیوەندیی
وشەیەک ئازاد
کە ھەمیشە زاھید و کیمیاگەر و شەھید و موسافیرە
گەورەکان
لە دوایین نەفەسی ژیاندا
دەست لەسەر دڵیان دائەنێن
بەدەم ھەڵگژان بە میعراجی خاچدا و
بە پێڵووی لێکنراوەوە
ورتە ورت بە ترسەوە
لەبەرخۆیانەوە دەیڵێن!

وشەیەک بەس بوو
وشەیەک شیرین وەک ھەنگوین
وشەیەک ترسناک وەک حەق
وشەیەک سازگار وەک کانیی
وشەیەک وەک عیشق سەرەڕۆ
تەنھا وشەیەک بەس بوو
وشەیەک پڕ لە زرینگە و دڵەخورپە
وەک ناوی بچوککراوەی تۆ!

نۆڤەمبەری ٢٠١١

 

نبذة عن الكاتب

مقالات ذات صله

الرد