داعش هەڵگری فەلسەفەی مەرگە

د. سامان سوراني

داعش هەڵگری فەلسەفەی مەرگە

لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لەسەر زەوی لەناوچوو، پاش ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە توانی ئەفسانەی مەکینەی مەرگ لەناوبەرێ و بەسەر ئەو دەسەڵاتە مەترسیدارە سەرکەوێ، تەنانەت پاش ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هسد)، کە لە لایەن كورد بەڕێوەدەبرێ و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی واشنتن هاوکاری دەکات، لە ٢٣ی ئاداری ٢٠١٩ جاڕیدا، دوا مۆڵگەی ئەو ڕێکخراوە لە باغۆزی ڕۆژهەڵاتی سوریا تێكشکاند، هەر ئەو کاتە کۆدەنگییەك لە لایەن شارەزایانی بواری ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان هەبوو، گوایە کەسانی سەر بەو ڕێکخراوە هەر وەکو مەترسی بۆ جیهان دەمێننەوە. ئەمڕۆ ئەو ڕاستیە زیاتر بەرجەستەیە، کاتێ دەبینین داعش بە مەفرەزە هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە گەرمیان و ناوچەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکان باس لە پلانەکانی داعش و جموجۆڵەکانیان دەکەن، نەتەنها لەم ناوچەیە، بەڵکو لە ڕێگەی شانە نووستووەکانیان لە ئەوروپا، کە پێیان دەوترێ “شانە تیمساح ئاساکان”.

کەواتە لە ئێستادا ئەم گڕکانە بە ڕووکەش خامۆشە، دەتوانێ لە هەر ئان و ساتێکدا فووی لێ بکرێ و هەڵبچێت.

رێکخراوی داعش هەر لە سەرەتای لە دایکبوونی تا ئەوکاتەی لە ڕووی سەربازی شکستی هێنا بەردەوام بووە لەسەر هێرشە دۆزەخ ئاسا و دڕندە و گوێرانەکانی بۆ سەر ناوچەکانی کوردستان و عیراق و سوریا.

لە ڕێگەی ئەو هێرشە بێ بەزەیی و دڕاندەی مرۆڤ و موڵك و ماڵ و هەموو بابەتێکی مرۆیی و شارستانی کردووە بە ئامانج.

ناتوانین ئەو فەلسەفە وەحشیگەریەی داعش بە ووشە سەرکۆنە بکەین، چونکە مەبەستی سەرەکی ئەم ڕێکخراوە هەموو کاتێ وێرانکردنی شارستانیەت و مەدەنیەت و تێگدانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پێشکەوتنە لەسەر گۆی ئەم زەوی بووە.

داعش باوەڕی بە فەلسەفەی مەرگ هەیە، ئەو مەرگی پێ باشترە لە ژیان. ئەم فەلسەفە ساختە و ڕەگەزپەرستیە لەسەر بنەمای کوشتنی هاوڵاتی بێ تاوان دامەزراوە. داعش کوشتنی ئەو کەسانەی مەبەستە، کە دیانەوێ بە خۆشی و ئاشتی لەگەڵ خانەوادە و کەس و کاریان ژیان بەسەر بەرن. ئەو کەسانە باوەڕیان بە ” ڕێگەی جیهاد و مەرگ لە پێناو هیچ” نیە و وەکو داعش ترسنۆک نین.

لە ڕابووردوودا بینیمان لە کوێ داعش دەستی بەسەر خاك گرتبوو، دەوڵەتێکی بۆ مەرگ دامەزراندبوو.

فەلسەفەی داعش فەلسەفەی تاوانکارانی جەنگە، ئامانجی سەرەکی داعش کوشتن و لەناوبردنە. هەروەها ئامانجی ئەو کەسانەی سەر بەو ڕێکخراوەن، چ بیانی بن یان خەڵکانی ئەم ناوچەیە، تەسلیمبوون و خۆخستنە ژێر فەرمانی شێخ و مەرجەع و ئەمیرەکانیانە، کە توانیویانە مێشکیان بشۆن و لە قالبیان بدەن، تا بتوانن بە کردەوە تیرۆرستیەکانیان دڕندانەترین سیناریۆی مەرگ و وێرانکاری ئەنجام بدەن.

داعش مەبەستی لەناودانی  هاوڵاتی و دەوڵەت و شار و کۆمەڵگەیە، کەسانی سەر بە هاندراوی عەقڵیەتی تۆڵە و تۆڵەسەندنەوەن. لە کێ؟ لەو کەسانەی، کە هاوشێوەی ئەوانن و جیاواز بیردەکەنەوە و باوەڕیان بە بەرنامەی ئەوان نیە.

داعش هەمیشە مەبەستی بووە ئاسایش تێك بدات و ناسەقامگیری لە ناوچەکە زیندوو بکاتەوە.

بە کردەوەکانی و بە بەکارهێنانی ناسنامەیەکی لێوان لێو لە دەمارگیری و توندڕەوی و بە بەرنامەیەکی داخراو دەیەوێ پێکەوەژیان لە نێوان مرۆڤەکان نەهێڵێ.

داعش هەڵگری پەیامێکی هزری ناوەڕۆک بەتاڵ و بنکۆڵە، بۆیە بێ هیواکان و ئەو کەسانەی ورووژێنراون بەکاردەهێنێ بۆ جێ بەجێکردنی ئەجیندای مەرگ و دژایەتی کردن و پەیڕەوکردنی ستەمکاری.

خەلیفەکانی داعش خۆیان بە جێنشینی خودا دەزانن لەسەر زەوی، ئەوان پێەان وایە دەستبژێر و باشترین مرۆڤی ئەم گەردوونەن، یان تەنها ئەوان هەڵگری ڕاستی و پاسەوانی باوەڕن.

ئەوان تەنها خۆیان پێ ڕاستە و هەموو کەسێکی تری جیاواز بە کوشتن دەسڕنەوە. هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی دەقە ماوەبەسەرچووەکان وەڵامیان هەبێت بۆ گرفتەکانی ئەم سەردەمە، کە سەردەمی شۆڕشی تەکنەلۆژیای زانیاری و مرۆڤی ژمارەییە.

ئەوان پێیان وایە مافی ئەوەیان هەیە بڕیاری مرۆڤەکان قورخ بکەن و لە بری مرۆڤەکان جەنگی تیرۆریستیانەی خۆیان بەرپا بکەن.

داعش باوەڕی بە بڕیاری مرۆڤەکان نیە لە هەڵبژاردنی شێوازی ژیان، چونکە داعش پێ وایە مرۆڤەکان بە لاڕێدا ڕۆیشتوون و کافر و لە ئاین هەڵگەڕاون، بۆیە پێی وایە بە بانگەشەی درۆزنانەی، گوایە “ئومەتی ئیسلام” لە جیهان لە دەست جاهیلیەت ڕزگار دەکات دەکرێ لە ڕێگەی بەکارهێنانی توندوتیژی و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستیانە دەتوانێ مرۆڤ بەرەو “ڕێگەی ڕاست” بەرێ.

کەسانی سەر بەداعش بەرهەمی فەرمانی ئاینی و حکومەتە ئاینی و مەرجەعە غەیبیەکان و دروشمە تاکگەرایی و ڕێبازە نەگۆڕەکان و پرۆژە تۆتالیتاریستەکانن.

پەیڕەوانی ئەم ڕێڕەوە مەرگخوازە پێیان وایە تەنها ئەوان خاوەندی کلیلی ڕاستیە ڕەهاکانن، بۆیە دەبێت هەر ئەوان مافی داڕشتنی ناسنامە و بابەتە چارەنووس سازەکان بن.

وەکو لە ڕابووردوو باسمان کردووە، لێرەشدا دووبارەی دەکەینەوە، ناکرێ تەنها بە شێوەی سەربازی سەرکەوتن بەسەر تیرۆریستان بهێنین، پێویستە لە هەرێمی کوردستان هەموو هێزە زیندووەکان بخەینەگەڕ لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی هزری داعش.

مەبەستمان لە هێزە زیندووەکان بەکارهێنانی توانای زانا و نووسەر و ڕۆژنامەوان و ئامرازەکانی میدیا و خامەی ڕۆشنبیران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیە بۆ ئەوەی پێکەوە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردە مەترسیدارە ببینەوە.

تەنها بە یەك دەستی و بە هەوڵی هەموولایەك دەکڕی ئەم هزرە مەرگخوازە بەرەو دواوە بگەڕێنرێتەوە و  هزری هۆشیار و هاوسەنگ و میانڕەو جێگەی بگرێتەوە.

هەر لایەنێ ڕێز لە ویستی پێکهاتەکان و گەلان و فرەیی نەگڕێ، مەبەستی نیە دیاردەی تیرۆر ڕیشەکێش بکرێ.

هەنگاوی یەکەم بۆ چارەسەرکردنی دیاردەی تیرۆر بەوە دەست پێ دەکات، ئەگەر مرۆڤ خۆی بە تەواوی ناسییەوە و کەسانی بەرامبەری بە ئاوێنەی خۆی زانی. پێویستە مرۆڤ لە قاوغی خۆی دەربچێ و لە ڕووداوەکانی گۆڕەپانی گەردوون تێ بگات و پشکداربێت لە دیالۆگی جیهانی سەبارەت بە گرفت و پرسە گەورەکانی مرۆڤایەتی و ئاسۆی دیالۆگ بکاتەوە و خۆی بەدوور بگڕی لە سیاسەتی پەراوێزخستن، پێویستە مرۆڤ ڕێز لە ڕا و ڕای کەسانی تر بگرێ.

لە کۆتاییدا دەڵێین، “ئەنجامی هەموو شتێکی ڕەها بەرهەمهێنانی دژەکەیەتی.”

دکتۆر سامان سۆرانی

دکتۆرا لە فەلسەفە، زانکۆی هایدلبێرگ-ئەڵمانیا

نبذة عن الكاتب

مقالات ذات صله

الرد