کوردستان ئەزموونێکی سەرکەوتووی حوکمڕانی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین

د. سامان سوراني

کوردستان ئەزموونێکی سەرکەوتووی حوکمڕانی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین

لەگەڵ ئەوەی دەوڵەت دەسەڵاتێکی سیاسی خاوەند سەروەریە و لە هەرێمێکی جوگرافی دیاریکراو کاروباری گشتی بەڕێوەدەبات، دەبینین دانیشتوانەکەی بە پێی یاسا و سیستەمی دیاریکراو پابەندی دەبن.

ماکس ڤێبەر (١٨٦٤-١٩٢٠) دامەزرێنەری کۆمەڵناسی هاوچەرخ پێی وایە لە هەرکوێ دەوڵەت هەبێت، ئەوا ئەو دەوڵەتە هەڵگری هەندێ لە عەقڵانیەتە.

هەرێمی كوردستان وەکو مۆدێلێکی سەرکەوتوو لە ناوچەکە لە بنەڕەتدا باوەڕی بە بنەماکانی دیموکراسی و فرەیی و ڕای جیاواز هەیە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێی تواناکانی کار دەکات لە پێناو جێ بەجێکردنی دادپەروەری و یەکسانی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، لە هەمان کاتدا شەونخوونی دەکات لە پێناو خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێم تاوەکو ئایندەیەکی گەشاوەتر پێشوازییان لێ بکات، بەو شێوەیە حکومەت دەتوانێ زاڵ بێت بەسەر سەرجەم ئەو بابەتە نەرێنیانەی کە دەبنە لەمپەر لە بەردەم هەنگاوەکانی، ئەوەش خزمەتێکی مەزن و بێ وێنە بە گەل دەگەیەنێت.

هەرێمی کوردستان بە  سیاسەتی حەکیمانەی سەرکردایەتی سیاسی مەبەستیە هاوشێوەیەی دەوڵەتێکی هاوچەرخ کار بۆ دەوڵەتی هاوڵاتی بکات، کە تیایدا تاکەکان بە یەکسانی لەناو ماف و ئەرکەکانیان ژیان بەسەر بەرن و ئەم قەوارەیە ببێت بە دەوڵەتی دامەزراوەکان و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانەی ڕەها، پشبەست بە هێز و ویستی جەماوەر و لە ڕێگەی سندووقی هەڵبژاردنەکان.  

ڕاستیەکانی مێژووی نوێی مرۆڤایەتی جەخت لەو ڕواڵەتە دەکەنەوە، کەوا پێویستە کار بۆ دیزاینکردن و بەهێزکردنی تواناکانی ناسنامەی نیشتمانی یەكگرتوو بکرێت لە پێناو کۆمەڵگەیەکی یەك دەست، وەکو بنەمایەکی بنەڕەتی بۆ سەرجەم قۆناغەکان و پرۆسەکانی بنیادنانی دەوڵەتی هاوچەرخ.

ئەگەر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە نموونە بهێنینەوە، دەبینین چۆن دەستپێشخەری کردووە لە داهێنان و درووستکردنی ناسنامەیەکی نەتەوەیی بۆ ئەمریکیەکان. بەو جۆرە ئەمریکا گەورەترین فرەیی و جیاوازی مرۆیی لە باوەش گرتووە و لە ناو یەك پێکهاتەی یەکگرتوو و ڕێکخراو جیاوازیەکانی کۆکردۆتەوە بەمەبەستی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیە باڵاکانی ئەو وڵاتە.

بەهەمان شێوەی ئەمریکا دەکرێ باس لە میللەتی ژاپۆن و بەریتانیا و فەرەنسا و مالیزیا و … بکرێت.

بەهرەمەندی ناسنامەی نیشتمانی یەکگرتوو بریتیە لە توانا شاراوەکان بۆ گۆڕینی فرەیی و فرەڕەنگی سروشتی کۆمەڵگە بۆ سامانی نیشتمانی لە پێناو پەرەپێدان و بووژانەوەی کۆمەڵگە و گۆڕینی ئالنگاری و ململانێیە لایەنە دژبەرەکان بۆ هێزێکی ڕێکخراو  تا نیشتمانێکی یەکگرتوو بەرهەم بهێنرێ. 

نەهێشتنی ترسی هەر لایەنێ لە ئێستا و ئایندە بە هۆی پەراوێزبوونی و دابڕانی لە مافە تایبەتی و گشتیەکان، ئەمەش خۆڕسکانە مرۆڤ پاڵ دەنێت، لەناو قاوخی خۆی بمێنێتەوە، تا هەوڵ بدات بە شێوەیەك لە شێوەکان خۆی بەهێز و ئامادە بکات بۆ ململانێیەکی تر.

بەو شێوەیە کۆمەڵگە وەکو دوڕگەیەکی دابڕاو و هەڵگری بەرژەوەندی تایبەت بە خۆی، کە ناتەبایە لەگەڵ بەرژەوەندی لایەنەکانی تر و لە ململانێی نەرمەوە پەنا بۆ ململانێی ڕەق دەبات، ئینجا بە شێوەیەکی  ڕووخێنەر بنەماکانی کۆمەڵگە وێران دەکات.   

 ناسنامەی نیشتمانی کۆمەڵگە لە زمان و میراتی مێژووی کۆمەڵگە و بەها سەپێندراوەکانی  پێک دێت، بێجگە لە ڕوانین و ئامانجەکانی بۆ ئایندە.

دیاردەی بنیادنان و بەهێزکردنی تواناکانی ناسنامەی نیشتمانی چەند هێمایەك لە خۆ دەگرێ، لەوانە دانبێنانی تەواوی دەوڵەت بە ئازادی ئاینی و کولتوورە جیاوازەکان و ڕەخساندنی ئازادی بێ سنوور بۆ سەرجەم هاوڵاتیان، تا بتوانن ئازادانە هەر پلە و پۆستێ، بەتایبەتی پۆستی باڵا، لە بوارە جیایاکانی ژیانی مەدەنی و سەربازی و داد بە پێی لێهاتووی و کارامەیییان لە ڕووی پیشەیی بەدەست بهێنن ، بەو جۆرەی ستاندار و باوە لە جیهان.

ناسنامەی نیشتمانی یەکگرتوو دەتوانێ ببێت بە دیوارێکی پۆڵایین لەبەردەم هەر هەوڵێکی دەرەکی، کە مەبەستی بێت یەكڕیزی و یەکگرتوویی و بەهێزی کۆمەڵگە لە ڕێگەی دەروازەی کەمینەکان تێک بدات. 

لە کۆتاییدا دەڵێین، نیشتمان گەنجینەی مرۆڤە، ئەگەر لەدەست بچێت، هیچ شتێك ناتوانێ جێگەی بگرێتەوە.

بۆیە پێویستە لەسەر هەر تاکێکی كوردستانی نیشتمان بپارێزێ و بەهەموو تواناکانی بەرگری لێ بکات.

با ئێمەش پێکەوە کاربکەین لە پێناو بەرزڕاگرتنی ئاڵای كوردستان، بۆ ئەوەی لە هەموو بۆنە و ڕێوڕەسمەکان لە ناوخۆ و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی شەکاوە بێت. با خۆشەویستی نیشتمان لەناو دڵمان بپارێزین وبە بێ گەردی بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازینەوە.

دکتۆر سامان سۆرانی

نبذة عن الكاتب

مقالات ذات صله

الرد