چۆن شوناسێکی كوردستانی یەکگرتوومان هەبێت؟

د. سامان سوراني

چۆن شوناسێکی كوردستانی یەکگرتوومان هەبێت؟

شوناس ڕواڵەتێکی بابەتی و دیاردەیەکی مرۆییە، ئەگەر بە سادەترین شێوە باسی لێ بکەین، دەتوانین بڵێین شوناس تایبەتمەندی مێژوویی و ڕۆشنبیری و دەروونی و زمانی مەبەستە.

لە لایەك دەرهاویشتەی کارتێکردنی نەریت و میراتە و لە ماوەیەکی دوور و درێژ کۆبۆتەوە. لە لایەکی تر شوناس ڕەنگدانەوەی تێکەڵبوونە لەگەڵ دۆخی جیهانێکی هەڵچوو و گۆڕاو، هەروەها شوناس تێکەڵبوونە لەگەڵ شەپۆڵە فەرهەنگیە تەشەنەسەندووەکان و نموونەکانی تری شارستانیەت.

بەهۆیەوە کاردانەوەی زاتی درووست دەبێت، پێمان دەڵێ چۆن بە شێوەیەکی تایبەت مامەڵە لەگەڵ ئەو نەریتانە بکەین تا شوناسێکی نوێی پێ بدەین.

کەواتە شوناس بەرهەمی مێژوو و جوگرافیایە، بەرهەمی ژیانە لە سایەی دۆخێ، کە مێژوو درووستی کردووە. بۆیە شوناس بابەتێکی ستاتیکی نیە، چونکە بەرهەمی جوڵە و گۆڕانە.

ئەوەی کەوا شوناس لەناو خۆیدا بەردەوام لە جوڵەیە و دەگۆڕدرێ، کەواتە شوناس وەکو فاکتەرێ یاساکانی گەشەکردن و وەرچەرخان دەیگرێتەوە و پاشخانێکی هەیە، کە هەوڵی گۆڕانکاری دەدات لە پێکهاتەی کەسایەتی.

شوناس وەکو زمان و ئەو شتانەی بە میرات بۆمان ماوەتەوە نوێ دەبێتەوە. کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ژمارەیەك شارستانیەتی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ئاسەوارەکانی تاوەکو ئەمڕۆ لەناو ئەو گۆمەڵگانەی تیایاندا نەشونمای کردووە بەجێ ماوە و کاریگەری لەسەر تێکڕای مرۆڤایەتی هەیە.

بەدڵنیاییەوە پشکی گەورەی کاریگەری ئەو شارستانیەتانە بەر ئەو گەلانە دەکەوێت، کە لەسەر خاکیان و لە ناوچەکانی دەوروبەریان شارستانیەتەکان دامەزراوە.

ئەو شارستانیەتانە پشکداربوون لە داڕشتنی شوناسی ئەو کۆمەڵگانەی تیایاندا گەشەیان کردووە و شوێن پەنجەی خۆیان لەسەر مێژووی ئەو کۆمەلگانە بەجێ هێشتووە.

لە سەرەتای مێژووە لەسەر خاکی كوردستان چەندین شارستانیەت دامەزراوە، ئاسەواری ئەو شارستانیەتانە تاوەکو ئەمڕۆ بەرجەستەن و لە فۆلکلۆر و کولتوور و نەریتی گەلی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕەنگیان داوەتەوە.

شوناس وەکو هەر دیاردەیەکی تری کۆمەڵایەتی لە خوارەوە بەرەو سەرەوە بەرز دەبێتەوە.

تاك لە ناو خانەوادەیەك لە دایك دەبێ، پاشان هێدی هێدی ئینتمای بۆ هۆز و عەشرەتەکەی زیندوو دەبێت، ئینجا ئینمای بۆ کۆمەڵگەکەی زیاد دەکات.

چەند ئەو تاکە پێش بکەوێ ئەوەندە بازنەی ئینتمای فراوانتر بێت، تا دەگاتە ئاستی ئینتما بۆ نیشتمانی دایك، کە کوردستانە.

لۆژیك پێمان دەڵێ چەند لە پێناو بەرژەوەندی و شوناسێکی گەورەتر ئینما بۆ شتە لاوەکیەکان پاشەکشە بکات، ئەوەندە چەمکی ئینتما بۆ نیشتمان بەهێزتر و گەورەتر دەبێت. بە فراوانبوونی فەزای ئینتما بۆ نیشتمان بەهاو چەمکە سنووردارەکانی تری پەیوەست بە نەریت و فەرهەنگەکان، کە دەرئەنجامی تەسك بینین، ڕوو لە داکشان دەکەن.

ئیتر قارەمانێتی بریتی دەبێت لە بەرگریکردن لە نیشتمان، نەوەك لە بەرژەوەندی تەسکی هۆزایەتی و عەشرەتگەرایی و کەسی و ملکەچکردن بۆ شوناسی دەرەکی و نامۆ. ئەو کاتە داکۆکی کردن لە نیشتمان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری و شکۆمەندی کوردستانی نیشتمان دەبێت بە بەهایەکی پیرۆز.

هەر ئەو شوناسەی کۆمەڵگەی كوردستان پێکەوە گرێ دەدات، کە بریتیە لە کۆبوونەوە لە دەور مێژوو و جوگرافیا و یەکگرتوویی ئابوری. بە سوودوەرگرتن لە فرەیی وەکو فەلسەفەیەك بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە و بە پاراستن و ڕێزگرتن لە جیاوازیەکان لە ڕووی کولتور و زمان کۆمەڵگەی کوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی خۆی دەوڵەمەندتر و کاراتر پیشان دەدات.

شوناسی نیشتمانی ڕێگردەبێت لە درووستبوونی هەڕەشە بۆسەر یەکڕیزی نیشتمانی و ئاسایش و سەقامگیری. هەروەها شوناسی نیشتمانی کۆمکار دەبێت بە مایەی بڵاوبوونەوە و ڕەگداکوتانی چەمکی هاوڵاتیبوون و یەکسانی لە ماف و ئەرکەکان. ئێمە پێمان وایە گەلی کوردستان ڕێگە نادات مێژوو و شوناس و ئاسایشی بکرێت بە ئامانج و ناهێڵێ لایەنەکان لەسەر ئەم خاکە لە ناو قاوخێکی تەسک بمێنێتەوە و “گێتۆ” درووست بکەن. بێ گومان مێژووی کوردستان خاڵی هاوبەشە و مێژووی گەلی کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانی.

دکتۆر سامان سۆرانی

نبذة عن الكاتب

مقالات ذات صله

الرد